چی دەزانیت سەبارەت بەو بنکەیەی ترەمپ و پوتین تێیدا کۆدەبنەوە؟
وێستگەنیوز_
رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، لە شاری ئانکۆرەیچ لە ویلایەتی ئالاسکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا کۆدەبنەوە. شوێنی کۆبوونەوەکە بنکەی سەربازیی هاوبەشی "ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسن"ـە، کە دامەزراوەیەکی سەربازیی ستراتیژییە. هەڵبژاردنی ئەم لوتکەیە چەندین رەهەندی مێژوویی، جوگرافی و ئەمنی لەخۆدەگرێت و گرنگی خۆی هەیە.
ئەم بنکەیە بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە، بە پێگەیەکی سەرەکیی ئەمریکا بۆ ئامادەباشی سەربازی لە ناوچەی جەمسەری باکوور دادەنرێت. مێژووەکەی بۆ سەردەمی شەڕی سارد دەگەڕێتەوە و گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەلاسکایە کە رووبەرەکەی 64 هەزار هێکتارە واتە 640 کیلۆمەتر چوارگۆشە؛ و لە ساڵی 1940 دروست کراوە.
لە دوای دروستکردنی لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانی دووەم، وەک ناوەندێکی گرنگی بەرگریی ئاسمانی و فەرماندەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی یەکێتیی سۆڤیەت کاری کردووە.
لە ساڵی 1957 گەیشتە لوتکەی توانای خۆی کاتێک 200 فڕۆکەی جەنگی و چەندین سیستەمی راداری پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو، بەهۆیەوە نازناوی سەقفی پارێزەری ئەمریکای باکوور (Top Cover for North America)ـی وەرگرت.
کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2019 سەردانی بنکەکەی کرد، وتی سەربازانی ئەوێ "لە دوا سنووری وڵاتەکەمان وەک یەکەم هێڵی بەرگریی ئەمریکا خزمەت دەکەن."
زیاتر لە 30 هەزار کەس لەم بنکەیەدا دەژین، کە دەکاتە نزیکەی %10ـی دانیشتووانی شاری ئانکۆرەیج. ئەمڕۆش بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و ئاسانکارییەکانی مەشق و راهێنانەوە، بنکەکە بەردەوامە لە گەشەکردن.
بەگوێرەی زانیاریی میدیا جیهانییەکان، هەڵبژاردنی ئەلاسکا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە چەند هۆکارێکی هەیە کە یەکێک لەوانە رەهەندی مێژوویییە، ئەمریکا لە ساڵی 1867ـەوە ویلایەتی ئەلاسکای لە رووسیای قەیسەری کڕی، ئەمەش رەهەندێکی مێژوویی بە کۆبوونەوەکە دەبەخشێت.
هەروەها ناوچەیەکی نزیکی گرنگی جوگرافییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، دەڵێت: "هەردوو وڵات دراوسێن و تەنها گەرووی بێرینگ لێکیان جیا دەکاتەوە، بۆیە زۆر لۆژیکییە کە وەفدەکەمان بەسەر گەرووی بێرینگدا بفڕێت و لوتکەیەکی وا گرنگ لە ئەلاسکا بەڕێوەبچێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی کۆشکی سپی دووپاتی دەکەنەوە کە بنکەکە مەرجە ئەمنییە توندەکانی بۆ میوانداریکردنی دوو سەرکردەی جیهانی تێدایە و لە ئێستادا گونجاوترین شوێن بووە.
AM:11:52:14/08/2025
ئهم بابهته 1460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت