ترەمپ: ئەگەر هەیە کۆبوونەوەیەک لەنێوان پوتین و زێلێنسکی رێکبخەین
وێستگەنیوز- AFP
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئەگەر کۆبوونەوەی نێوانمان لەگەڵ ڤڵادێمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا باشبوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان پوتین و سەرۆکی ئۆکرانیا رێکدەخات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا لە ئەلاسکا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، نزیکە دەستبەجێ کۆبوونەوەیەک لە نێوان خۆم و ڤلادیمێر پوتین و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رێکبخەم".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر کۆبوونەوەی یەکەم باش بەڕێوەچوو، ئەوا بە خێرایی و دەستبەجێ کۆبوونەوەی دووەممان لە نێوان پوتین و زێلێنسکی دەبێت، ئەگەر بیانەوێت من بەشداربم، ئەو کات منیش بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەم".
ترەمپ وتی، "کۆبوونەوەی یەکەم بۆ دانانی بناغەی کۆبوونەوەی دووەم دەبێت، هاوکات رەنگە هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەش نەبێت، چونکە ئەگەر وەڵامی گونجاوم دەست نەکەوێت، ئەوە هیچ گەڕێکی دیکە بەڕێوە ناچێت".
وتیشی، "لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی تەنیا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەم".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی چوارشەممە هیوای خواست کە "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و پوتین ئاگربەستێکی دەستبەجێ بێت".
هەروەها کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا باسی لە ئەگەری "ڕاستەقینە" کرد بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا بەهۆی ترەمپەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە دووپاتیکردەوە کە واشنتۆن دەیەوێت "ئاگربەست" لە ئۆکرانیا بەدەستبهێنێت.
PM:10:51:13/08/2025
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت