تامی بروس: پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی دژی پابەندییەکانی ئێمەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە


وێستگەنیوز_

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی دژی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقە، هاوکات ئەم پرۆژەیە دژی پابەندییەکانی ئێمەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئابی 2025، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی پرۆژەی یاسای حەشدی شەعبی وتی: "ئێمە دژی هەر پرۆژە یاسایەکین، کە یەکانگیر نییە لەگەڵ ئامانجی پەیوەندییە دووقۆڵییەکەمان لەگەڵ هاوکار و هاوبەشە ئەمنییەکانمان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم پرۆژە یاسایە دژی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقە. هاوکات ئێمە پشتیوانی سەروەری عێراق دەکەین، نەک پرۆژە یاسایەک، کە عێراق دەکاتە وڵاتێک بە تەواوی بکەوێتە ژێر هەژموونی ئێران".

دووپاتیشی کردەوە کە، "هەڵوێستی ئێمە لەو بارەوە ڕوونە، کە دەبێت داهاتووی عێراق لە دەستی گەلەکەی دابێت. بە دڵنیاییەوە ئەم پرسە بە شێوەیەکی گشتی دژی پابەندییەکانی ئێمەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە".

پێشتریش تامی برووس رایگەیاندبوو، "پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی ئەو گرووپە چەکدارانە بە دامەزراوەیی دەکات کە پەیوەندیان کردەی تیرۆرستییەوە هەیە و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەڵبەت ئەو گرووپانە چەندین هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە عێراق".


PM:10:56:12/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو