ئەردۆغان: رێگە نادەین هیچ بەربەستێک بۆ پرۆسەی ئاشتی دروستبکرێت


وێستگەنیوز_

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، دەیانەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت، ''خۆشحاڵین بە دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەی تایبەت لە پەرلەمان."
 
ئەمڕۆ هەینی، 8ی ئابی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە ئیستەنبووڵ، لەبارەی لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە، وتی: ''خۆشحاڵین بە دەستپێکردنی کارەکانی''.
  
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی لەنزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەن و رێگە نادەن هیچ بەربەستێک بۆ ئەو پرۆسەیە دروستبکرێت.
 
راشیگەیاند، کۆتاییهاتنی شەڕی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای وڵاتەکەی، لە بەرژەوەندیی ئاسایشی وڵاتەکەی و ناوچەکەشدایە، ''دەمانەوێت دەرگایەکی نوێ بە رووی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بکەینەوە''.
 
''لیژنەی هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەی کردووە و کۆبوونەوەکانیش لە رۆژانی سێشەممە و هەینی ئەو هەفتەیە بەڕێوەچوون.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.


PM:10:09:08/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو