راوێژکاری ئەڵمانیا: فرۆشتنی چەک و کەرەستە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل رادەگرین
وێستگەنیوز_
دوای پەسەندکردنی پلانی سوپای ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، حکومەتەکەی فرۆشتنی ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە بۆ ئیسرائیل رادەگرن، کە رەنگە لە کەرتی غەززەدا بەکاربهێندرێن.
ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025 فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "تێگەیشتن لەو پلانە سەربازیەی ئیسرائیل رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت، کە چۆن یارمەتیدەر دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجە رەواکانی چەکداماڵینی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەم دۆخەدا، حکومەتی ئەڵمانیا مۆڵەتی هیچ فرۆشتن و هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی نادات، کە رەنگە لە کەرتی غەززەدا بەکاربهێندرێت."
راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەوە، حکومەتی ئیسرائیل بەرپرسیارییەتیەکی گەورەتری دەکەوێتە ئەستۆ بۆ گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکی سڤیلی غەززە."
وتیشی: "حکومەتی ئەڵمانیا داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکات، هیچ هەنگاوێکی دیکە نەنێت بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا."
ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هەڵوێست و سیاسەتی حکومەتی ئەڵمانی، کە بە درێژایی جەنگی غەززە یەکێک بووە لە سەرسەختترین هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل.
PM:06:04:08/08/2025
ئهم بابهته 168
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت