کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دژی بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "کابینەی ئەمنیی حکومەتی وڵاتەکەی پلانی نەتانیاهۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە قبووڵ کردووە، هەروەها لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنەکە، ئیسرائیل یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵکی دەرەوەی ناوچەی شەڕ دابین دەکات".
زۆرینەی ئەندامانی کابینەکە لە دوای کۆبوونەوەیەکی 10 کاتژمێری لەسەر پێنج مەرج رێککەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ حەماس ئەوانیش بریتین لە:
1- چەکدانانی حەماس.
2- گەڕانەوەی 50 بارمتەی وڵاتەکە، لەنێویاندا 20 بارمتەی زیندوو.
3- چەکداماڵین لە تەواوی کەرتی غەززە.
4- ئاسایشی ئیسرائیل دەستبەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت.
5- حکومەتێکی مەدەنی لە کەرتی غەززە پێکبهێندرێت، نە لەدەست حەماس بێت، نە حکومەتی فەلەستین.
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بە شێوەیەکی گشتی بڕیارەکەی حکومەتی ئیسرائیل کاردانەوەی ناوخۆ، وڵاتی ناوچەکە و ئەوروپا و حەماسی بەدوای خۆیدا هێنا.
لای خۆیەوە، بزووتنەوەی حەماس جەختی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا بەرپرسیاریەتیی راستەوخۆی تاوانی لەناوبردن و برسیکردنی لە کەرتی غەززە لە ئەستۆدایە چونکە ئیسرائیل نەیدەتوانی ئەو تاوانانە ئەنجام بدات، ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نەبوایە.
سەبارەت بە بەکارهێنانی زاراوەی "دەستبەسەرداگرتن" لەلایەن ئیسرائیلەوە لەبری "داگیرکاری"، حەماس دەڵێت، هەوڵێکی "ئاشکرایە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتیی یاسایی" بەرامبەر بەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات.
هاوکات، لە ناوخۆی ئیسرائیل دژی بڕیارەکەی حکومەت کاردانەوەی جیاواز هەیە و یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل دەڵێت، پلانەکە "چەندین مانگ دەخایەنێت، بارمتەکان دەمرن و ژمارەیەکی زۆر سەربازیش دەکوژرێن."
هەروەها بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل پێی وایە، "بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە شکستێکی دیپلۆماسییە".
بەشێکی کەسوکاری بارمتەکانیش لە دژی بڕیارەکە خۆپێشاندانیان کرد و باوکی یەکێک لە بارمتەکان باس لەوە دەکات، "نەتانیاهۆ مردنی بارمتەکانی پ باشترە، چونکە ئەمە کارەکەی بۆ ئاسان دەکات، کاتێک هەمووان مردن، دەڵێت، تەواو ئێستا دەتوانین بچینە نێو غەززە و هەموو شوێنێک بۆردوومان بکەین."
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییەکانیش، کییەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بڕیارەکەی بە هەڵە ناوبرد و داوای پێداچوونەی بە بڕیارەکە کرد و وتی، "ئەم کردارە هیچ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و ئازادکردنی بارمتەکان ناکات. تەنیا خوێنڕشتنی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
داواشی کرد یارمەتی مرۆیی زیاتر بچێتە ناو غەززە و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن. دووپاتیشی کردەوە کە، 'بەریتانیا کار لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات'.
یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەی تانەی لە بڕیارەکە داوە ئوسترالیایە. پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا داوای کرد ئیسرائیل لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە و "فراوانکردنی گرژییەکان تەنیا دۆخی مرۆیی غەززە خراپتر دەکات."
وۆنگ دەڵێت، ئاوارەکردنی هەمیشەیی خەڵکی غەززە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
رووسیاش بڕیارەکە بە هەڵە ناودەبات و دمیتری پۆلیانسکی، نێردەی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "بڕیارەکە هەنگاوێکی زۆر خراپ و ئاراستەیەکی تەواو هەڵەیە".
هەر لە سەرەتاوە مۆسکۆ رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە و داوای ئاگربەستی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش رایگەیاندووە، بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە "قۆناخێکی نوێیە لە داگیرکارییەکەی و سیاسەتی جینۆساید لە ناوچەکە."
لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاشدا، کاسپەر ڤێڵدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت، پلانی "حکومەتەکەی نەتانیاهۆ بۆ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە غەززە هەنگاوێکی هەڵەیە. دۆخی مرۆیی کارەساتە لە غەززە و پێویستی بە بەرەوپێشچوونی دەستبەجێیە."
خۆزێ مانوێل ئالبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش بە تووندی سەکۆنەی بڕیارەکەی کرد و جەخت دەکاتەوە لەوەی، "تەنیا کاولکاری و ئازاری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
وەزارەتی دەرەوەی سویسراش ئاماژە بەوە دەکات، "فراوانکردنی دووژمنکارییەکان دۆخە کارەساتە مرۆییەکەی ئێستا خراپتر دەکات."
جەنگی ئیسرائیل و حەماس 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشێکی حەماس دەستیپێکرد و وەڵامی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێنا. حەماس لە هێرشەکەی 1200 کەسی کوشتووە و 251ـی دیکەی بە بارمتە گرتووە، لە کەرتی غەززەش زیاتر لە 60 هەزار کەس کوژراون.
PM:05:10:08/08/2025
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت