ئیسرائیل پلانی دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززەی پەسەندکرد


وێستگەنیوز-AFP

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، درەنگانی شەوی رابردوو کابینەی ئەمنیی حکومەتی وڵاتەکەی پلانی ناتانیاهۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە پەسەندکرد.


ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "کابینەی ئەمنیی حکومەتی وڵاتەکەی پلانی نەتانیاهۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە قبووڵ کردووە، هەروەها لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنەکە، ئیسرائیل یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵکی دەرەوەی ناوچەی شەڕ دابین دەکات".

زۆرینەی ئەندامانی کابینەکە لە دوای کۆبوونەوەیەکی 10 کاتژمێری لەسەر پێنج مەرج رێککەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ حەماس ئەوانیش بریتین لە:

1- چەکدانانی حەماس.

2- گەڕانەوەی 50 بارمتەی وڵاتەکە، لەنێویاندا 20 بارمتەی زیندوو.

3- چەداماڵین لە تەواوی کەرتی غەززە.

4- ئاسایشی ئیسرائیل دەستبەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت.

5- حکومەتێکی مەدەنی لە کەرتی غەززە پێکبهێندرێت، نە لەدەست حەماس بێت، نە حکومەتی فەلەستین.

ئاماژە بەوەشدراوە، سوپای ئیسرائیل لەئێستادا لە %75ی غەززەی کۆنترۆڵ کردووە، هەروەها زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە خاڵە جێگیرەکانی کەرتی غەززەوە یان لە پێگەکانی لە سەر سنوورەوە ئەنجام دەدرێت.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد، وێرانکارییەکی گەورەی لە سەرتاسەری کەرتی غەززە بەدوای خۆیدا هێنا.


AM:08:51:08/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت