ترەمپ بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پوتین کۆببێتەوە
وێستگەنیوز_
میدیایەکی ئەمریکا دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە. پلانیشی هەیە دوای ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان خۆی و پوتین و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، بکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کە لەزاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان ئەو پلانەی ئاشکرا کردووە. دەوترێت، ئەو پەیوەندییە لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، راوێژکاری ئەڵمانیا و سکرتێری گشتیی ناتۆ و بە بەشداری جەی دیی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆبوونەوەکان تەنیا ئەو سێ پیاوە لە خۆدەگرن و هیچ سەرکردەیەکی ئەوروپی بەشداری تێدا ناکات و ئەوروپییەکانیش پشتیوانی لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە دەکەن.
هاوکات، تاوەکو ئێستا دیار نییە پوتین و زیلینسکی بە پلانەکەی ترەمپ رازی بوون یان نا.
هەر شەوی چوارشەممە 6ـی 8ـی 2025، لە بەیاننامەیەکدا زیلینسکی رایگەیاند، "گفتوگۆیەکم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ هەبووە و هەڵوێستی ئەو و سەرکردە ئەوروپییەکان ئەوە بووە کە دەبێت جەنگ کۆتایی بێت، بەڵام کۆتاییەکی دادپەروەرانە."
AM:09:08:07/08/2025
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت