بەریتانیا: ئیسرائیل هەنگاوی کرداری بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن نەنێت، مانگی داهاتوو دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێین
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، یەکەم کاروانی هاوکاریی ئاسمانیی گەیاندووەتە کەرتی غەززە. سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش کە کابینەکەی لە پشووی هاوینەدا بوون، ئەمڕۆ وەزیرەکانی بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بانگهێشت کرد و بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی غەززە کۆبوونەوە و دووپاتی کردەوە، "ئەگەر ئیسرائیل هەنگاوی کرداری لە غەززە نەنێت و ئاگربەستێکی درێژخایەن لە غەززە رانەگەیەنێت، حکومەتەکەی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت".
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی تەمموزی 2025، کیەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەدوای کۆبوونەوەی کابینەکەی بۆ بڕیاردان لەسەر دۆخی غەززە و راگەیاندنی هەڵوێستی بەریتانیا لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "هەمیشە وتوومە، دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا دەنێین وەک بەشداریکردنێک لە پرۆسەیەکی ئاشتیدا. لە ساتێکیشدا ئەوە رادەگەیەنین کە زۆرترین کاریگەریی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی هەبێت."
ئاماژەی بەوەشدا، "لە کاتێکدا کە ئێستا ئەو چارەسەرە لەژێر هەڕەشەدایە، ئەوا کاتی هەنگاونانە."
وتیشی، "بەریتانیا پێش کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا دەنێت، ئەگەر حکومەتی ئیسرائیل هەنگاوی بەرچاو نەنێت بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخە نائاساییەکەی غەززە و ئاگربەست رانەگەیەنێت. هەروەها دەبێت پابەند بێت بە پرۆسەیەکی ئاشتیی درێژخایەن کە بە چارەسەری دوو دەوڵەتی کۆتایی بێت."
دۆخی غەززە بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی رەخنەی نێودەوڵەتی لەسەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەو جەنگە 22 مانگییەدا، برسێتی و نەبوونی سەرچاوەکانی ژیان تەواو دۆخی دانیشتوان و کەسانی سڤیلی تێکداوە و داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو دۆخە دەکرێت.
PM:09:19:29/07/2025
ئهم بابهته 540
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت