بریار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمسیۆنێک پەیوەست بە چەکدانانی پەکەکە دابمەزرێت
وێستگەنیوز_
کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و نوێنەری پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کۆتاییهات و بریار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمسیۆنێک پەیوەست بە چەکدانانی پەکەکە دابمەزرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی تەمموزی 2025، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەربارەی دروستکردنی ئەو کۆمسیۆنەی بۆ سەرخستنی ئاشتی بڕیارە دروست بکرێت؛ کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا لەیەنەکانی بەشداربوو، بیروڕایان لەسەر شێوازی کارکردن و پرۆسەی دامەزراندنی کۆمسیۆن ئاڵوگۆڕ کرد، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دادەمەزرێت.
کورتوڵموش جەختی لە بەرپرسیارێتییەکانی پەرلەمان لە بنیاتنانی ئایندەیەکی سەقامگیر و هەبوونی ئاشتی لە وڵاتەکە دا کردەوە.
کۆبوونەوەکە دوو کاتژمێر و نیو بەردەوام بووە، بەگوێرەی زانیارییەکان باس لەوەش کراوە پێویستە میکانیزمێک بۆ دامەزراندنی ئەو کۆمسیۆنە هەبێت، بەگوێرەی یاسا دادەمەزرێت یان بە بڕیاری سەرۆکی سەرۆکی پەرلەمان دادەمەزرێت.
هەروەها راگەیەندرا، ڕێککەوتن کراوە کۆمیسیۆنەکە لە 45 ئەندام پێکبێت، ئاکپارتی 13، جەهەپە 7 ، دەم پارتی و مەهەپە و یەنی یۆل یەکەی 3 ئەندامییان دەبێت و پارتەکانی دیکە یەک ئەندامییان نوێنەرایەتیی پارتەکەیان دەکات لەکۆمیسیۆنەکە دا، هەروەها ئەندامانی سەربەخۆش بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێن. ئەرکی کۆمیسیۆنەکە بریتییە لە ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە، ئەوەش لەرێگەی ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسا و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان، بەمەبەستی پەسەندکردنی.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمان داوایکردووە، سەرجەم لایەنەکان ناوی ئەندامەکانیان بنێرن، پێش ئەوەی پەرلەمان بکەوێتە وەرزی پشوودانەوە.
PM:03:46:18/07/2025
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت