لە شاری سوەیدا تاوەکو ئەمڕۆ 248 کەس کوژراون و ئیسرائیلیش هەڕەشە لە شەرع دەکات
وێستگەنیوز_
لە ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025ـەوە، شەڕ لە نێوان هێزی دروزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەریهەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە. ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیل سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای سووریای بۆمباران کرد. ئیسرائیل کاتس بە ئەحمەد شەرع دەڵێت: واز لە دروزەکان بهێنە و هێزەکانت لە سوەیدا بکشێنەوە.
لە رووداوەکانی شاری سوەیدا و دەوروبەریدا کە لە یەکشەممەی رابردووەوە سەریانهەڵداوە، تاوەکو ئەمڕۆ بەپێی راپۆرتی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، 248 کەس کوژراون و "هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ناوەناوە شەڕ و بۆردوومان دەکرێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەمووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، هێرشی ئاسمانیمان کردە سەر دەروازەی چوونە ژوورەوەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای سووریا، لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە. بە گوێرەی میدیاکانی سووریاش، لە ئەنجامی هێرشەکە دوو کەس بریندار بوون.
لە دوای هێرشەکە، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتی، بەردەوام دەبن لە هێرشکردنەسەر سوپای سووریا تا هەموو هێزەکانیان لە پارێزگای سوەیدای باشووری وڵاتەکە دەکشێننەوە.
بە وتەی کاتس، پێویستە ڕژێمی سووریا واز لە دروزەکان بهێنێت و دەستبەجێ هێزەکانی بکێشێنێتەوە، "ئێمە دەستبەرداری دروزەکان نابین و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چەکداماڵین کە پێشتر ڕاگەیەنراوە."
لە لایەکی دیکەوە، ئیڤی دیڤرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەکردووە، بە وردی چاودێریی پێشهات و کردەوەکانی دژی هاوڵاتییانی دروز لە پارێزگای سوەیدا دەکەن و لەسەر ڕاسپاردەی بەرپرسانی سیاسیی وڵاتەکەیان، هێرش دەکەنە سەر پێگە سەربازییەکانی سوپای سووریا لە سنووری ئەو پارێزگایە و خۆشیان بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادە کردووە.
کەناڵ 14ـی ئیسرائیلی دەڵێت: ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، کە "ئەگەر کردەوە توندوتیژییەکانی لە دژی دروزەکان نەوەستێنێت، هێرشی زیاتریان دەکرێتە سەر".
دوێنێ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، هێرش بکەنە سەر ئەو هێزانەی حکوومەتی سووریا کە چوونەتە ناو پارێزگای سوەیدا و پابەندن بە پاراستنی دروزەکانی سووریا لەسەر بنەمای برایەتیی هاوبەشیان لەگەڵ دروزەکانی ئیسرائیل.
PM:02:57:16/07/2025
ئهم بابهته 280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت