سەرۆک کۆماری ئێران: هەوڵ نادەین خاوەنی چەکی ئەتۆمی بین


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، ئەوان شەڕیان دەست پێنەکردووە، نایانەوێت بەردەوام بن، ئاماژە بەوەشدەکات، بە کردەوە بۆمبیان خستە سەر مێزی دانوستان و دیپلۆماسییان تێکدا.


مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی رایگەیاند، "ئێران هیچ نیازێکی نییە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و ئەم تۆمەتانە تەنیا ئیسرائیل دروستیان دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە نە شەڕمان دەوێت و نە دەشمانەوێت بەردەوام بین، هەروەها هەوڵ نادەین خاوەنی چەکی ئەتۆمی بین".

سەرۆک کۆماری ئێران وتی، "ئیسرائیل ئێمەی وەک (ئێرانێکی چەکدار) بۆ جیهان وێناکرد، بەڵام تاران هەمیشە بانگەشەی بۆ ئاشتی کردووە”.

لەبارەی ئەمریکاوە پزیشکیان وتی، "ئێران هیچ ئاستەنگێک بۆ هاتنەناوەوەی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی دانانێت، بەڵکو ئەو سنووردارکردنانە تەنیا پەیوەندییان بە سزاکانی ئەمریکاوە هەیە".

وتیشی، "ئێمە لەسەر مێزی دانوستان بووین لەگەڵ ئەمریکا ئێمە قسەمان دەکرد و سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی کردبووین بۆ ئاشتی، لەو دیدارەدا پێیان وتین ئیسڕائیل هێرش ناکات، بەڵام لە سەروبەندی کۆبوونەوەی شەشەمدا، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا قسەمان دەکرد، بە کردەوە بۆمبێکیان خستە سەر مێزی دانوستان و دیپلۆماسییان تێکدا".

سەرۆک کۆماری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، "بێ گومان ئامادەین بۆ دووبارە چوونە ناو گفتوگۆکان، هەروەها ئێمە هەرگیز لە پشتڕاستکردنەوە رامان نەکردووە و ئامادەین بۆ پشکنینی دیکە، بەڵام بەداخەوە دوابەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، زۆرێک لە کەرەستە و شوێنەکان لەناوچوون".

لەبارەی پشتگیری ئێران بۆ هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا پزیشکیان دەڵێت، "ئەم بانگەشەیە بە تەواوی بێ بنەمایە، ناتانیاهۆ ئەم تێڕوانینە دروست دەکات بۆ ئەوەی ئەمریکا لە شەڕە بێکۆتاکان و ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا تێوەگلێنێت".




PM:04:52:07/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت