پزیشکیان بۆ سیسی: ئێران لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی ئامادەی هەموو هاوکارییەکە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، سەرۆ کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتەکەی ناچار بوو وەڵامی سەربازی بداتەوە بۆ بنکەیەکی ئەمریکا لە قەتەر، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بەشداری راستەوخۆی ئەمریکا لە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرۆک کۆماری میسر ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی دانوستان و هەڵسوکەوتی بنیادنەرانەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کرد، کە دەبێتە مایەی پێشکەوتن و سەقامگیری و ئاشتی.

پزیشکیان وتویەتی، "وڵاتەکەی لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا ئامادەی هەموو هاوکارییەکە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەکی ئەتۆمی و تەنانەت چەکی کۆمەڵکوژیش ئامادەیە، بەو مەرجەی ئەو لە چەک داماڵینە، ئیسرائیلیش بگرێتەوە".

سەرۆک کۆماری میسر لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە گرنگی کارکردن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی تۆکمەی ئەمنیی ناوچەیی کردەوە و ئاماژەی بە خۆشحاڵی خۆی کرد بە پێشکەوتنەکان لە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و ئێران، ناوبراو هیوای خۆی دەربڕی کە لە زووترین کاتدا پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان هەردوو وڵات بگەڕێتەوە.


PM:10:46:25/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو