دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: سەرپەرشتیاری تۆڕێکی سایبەریی مۆساد لە سێدارە درا
وێستگەنیوز_
ئەمرۆ دووشەممە 23ـی 6ـی 2025، هاوڵاتیەک لە ئێران بە تۆمەتی هاوکاریکردنی مۆساد لەسێدارە درا. دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکە دەڵێت: ئەو کەسە سەرپەرشتیاری "تۆڕێکی سایبەریی مۆساد" بووە.
ئاژانسی هەواڵیی میزان، کە میدیای دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، رایگەیاند، هاوڵاتیەک بەناوی محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە، تەمەن 27 ساڵ، بە تۆمەتی "هاوکاریی هەواڵگری بۆ ئیسرائیل و سەرپەرشتیاریی تۆڕێکی سایبەریی سەر بە مۆساد" لە سێدارە درا.
بەگوێرەی میدیای دەسەڵاتی دادوەری ئێران، "ئەو تۆڕە سایبەرییە، لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی دەزگای مۆساد دا، چالاکیی هەبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مەهدەوی شایستەش بەرپرس بووە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سایبەری و مەیدانییەکانی تۆڕەکە دژی ئێران، تۆمەتبار بە مەبەستی راهێنان سەردانی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانی کردووە و چەندین جار لەگەڵ ئەفسەرانی مۆساد کۆبووەتەوە، دواتر خۆی راهێنانی بە ئەندامانی تۆڕەکە کردووە."
ئەو هاوڵاتییەی لە سێدارە دراوە، لە پایزی ساڵی 2023دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە. دوای دادگایی کردن، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە و لە 10ی حوزەیرانی 2025ـدا لەلایەن دیوانی باڵای دادوەرییەوە پەسەند کرا.
AM:09:59:23/06/2025
ئهم بابهته 524
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت