ئەو پێنج سیناریۆیەی لەبەردەم ئێراندایە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا


وێستگەنیوز_

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێران، ئەمەش کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و نێودەوڵەتی و تەنانەت کۆنگرێسی ئەمریکاش لێکەوتەوە. ئێستاش دوای هێرشەکان بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی، پێنج سیناریۆ لە بەردەم ئێران هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئەمریكا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئێن دی تی ڤی ئەمریكی، پێنج سیناریۆ لەبەردەم تاران کراوەیە بۆ وەڵامی هێرشەكەی ئەمریكا، یەكەمیان بێ دەنگ بوون، تاران دەتوانێت رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت و سەرلەنوێ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا دەستپێبكاتەوە. 

سیناریۆی دووەم هێرشكردنە سەر بنكەی ئەمریكییەكانە كە نزیكەی 20 بنكە لە خۆدەگرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێكیان  لە عیراقدان، لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشی بە كۆمەڵ بۆ سەر كەشتییە جەنگییەكانی هێزی دەریایی ئەمریكا.

بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە، سیناریۆی سێیەم بریتیە لە بێدەنگ  بوون لە ئێستادا و دەتوانێت چاوەڕێ بكات تا گرژییەكانی ئێستا كەم دەبنەوە، دواتر هێرشێكی لەناكاو ئەنجام بدات لە كاتێكدا بنكەكانی ئەمریكا لەوپەڕی ئامادەباشیدا نەبن و بەمجۆرەش زیانی گەورە بەر ئەو هێزانە دەکەوێت.

سیناریۆی چوارەم پڕ چەك كردنەوەی حزبوڵڵا و گروپە چەكدارەكانی عیراق و حوسییەكانە بۆ ئەوەی شەڕی بە وەكالەتی ئێران بكەن. 

لە کۆتا ئەگەریشدا کە لە ئێستادا زۆر ئاسان نییە، سیناریۆی دروستكردنی هاوپەیمانێتییە لەگەڵ رووسیا و چین دژی ئەمریكا بەم جۆرەش جەنگەکە دەچێتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارترەوە. 


PM:03:08:22/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 4892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو