کۆمکاری عەرەبی: دەبێت هێرشەکانی ئیسرائیل رابگیرێت


وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل کۆبوونەوە و ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد.


دوێنێ هەینی 20ی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنەکە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و داوای لە ئێران کرد بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، کۆبوونەوەکە بە پەسەندکردنی ئەم هەڵوێستانە کۆتایی هات:

1- ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر پێویستی راگرتنی ئەم هێرشانە و چڕکردنەوەی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکان.

2- داوای گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و پاڵپشتیکردنی هەموو هەوڵەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست.

3-دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتیەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، چونکە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

4- جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تاکە رێگە بۆ چارەکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە دیپلۆماسی و گفتوگۆیە بە پێی رێساکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رەشنووسی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە قەیرانی ئێستا بە رێگەی سەربازی چارە ناکرێت.

5- ئارامی سەقامگیری ناوچەکە تەنیا بە چارەکردنی هەموو هۆکارەکانی ململانێ و گرژییەکان بەدەست دێت، کە دەبێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوەستێت، رێگە بە هاتنە ژوورەوەی دەستبەجێی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بدرێت، هەروەها چارەی دوو دەوڵەتی و چانسی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەنە و دادپەروەرانە.

6- هۆشداریدان لەوەی ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو ململانێ و گرژیی زیاتر نەبات، هەروەها کارکردن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە کە ئاسایش بۆ هەمووان گەرەنتی بکات، لە رێگەی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار و دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی لە ساڵی 2002.

7- جەختکردنەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لە ئازادی کەشتیوانی لە رێڕەوی ئاوییە نێودەوڵەتیەکاندا، بە پشتبەستن بە رێسا پەیوەندیدارەکانی یاسای نێودەوڵەتی، دوورکەوتنەوە لە کاردانەوەکانی سەر ئابووری جیهانی و گواستنەوەی وزەی جیهانی.

8- جەختکردنەوە لەسەر رێزگرتن لە پرەنسیپەکانی رەشنووسی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەکارهێنان یان هەڕەشەی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا قەدەغە دەکات، داوای چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان بە رێگەی ئاشتیانە، جەختکردنەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی وڵاتان، بنەماکانی دراوسێیەتی باش، ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ ناسەقامگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیرییان.

9- داواکردنی رێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی ناوچەکە و ئیدانەکردنی هەر پێشێلکارییەک بۆ ئاسمانی وڵاتەکانیان لەلایەن هەر لایەنێکەوە.

10- جەختکردنەوە لەسەر پێویستی خۆبەدوورگرتن لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە کەوتوونەتە ژێر پارێزبەندییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بەگوێرەی بڕیارنامەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەروەها هۆشداریدان لە مەترسییەکانی تیشکی ئەتۆمی و دزەکردنیان بۆ ئاسمانی ناوچەکە و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی مرۆیی و ژینگەیی.

11- جەختکردنەوە لەسەر گرنگی چۆڵکردنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەکی ئەتۆمی و چەکی کۆمەڵکوژی دیکە بەگوێرەی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی لوتکەی پێشووی عەرەبی.


AM:08:34:21/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو