عەباس عێراقچی: ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل راوەستێت، ئێران ئامادەیە دیپلۆماسی لەبەرچاو بگرێت
وێستگەنیوز-
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئەوروپا رایگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەینی 20ی حوزەیرانی 2025, لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا لە جنێڤ کۆبووینەوە و گفتوگۆمان کرد".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانیمان دەربڕی لە شەرمەزانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل لەلایەن هەرسێ وڵاتەوە، هەروەها جەخت کرایەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامانجی راگرتنی دەستدرێژی و پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی بە شێوەیەکی جددی و چارەنووسساز، بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی مافی بەرگری رەوای خۆی".
عێراقچی وتی، "لە کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشتیانە و لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە، بۆیە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران بە تاوانێکی گەورە و پێشێلکردنی جددی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل راوەستێت و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی بکرێت، ئێران ئامادەیە دیپلۆماسی لەبەرچاو بگرێت و دانوستان بکات".
وتیشی، "پێشوازی لە بەردەوامی گفتوگۆ لەگەڵ هەرسێ وڵاتی ئەوروپی و یەکێتی ئەوروپا دەکەین و ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا جارێکی تر کۆببینەوە".
ئەمڕۆ هەینی 20 حوزەیرانی 2025، نوێنەرانی هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ کۆبوونەوە.
PM:10:09:20/06/2025
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت