لە دوای تێپەڕینی هەفتەیەک جەنگی ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 20ی حوزەیرانی 2025، هەشت رۆژ بەسەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل تێپەڕی و هێرشەکانی هەردوو وڵات بۆ سەر یەک بەردەوامی هەیە.


لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئێران بە چڕی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و ناوچەکانی حەیفا و بێرشێبا و تەلئەبیب و چەند ناوچەیەکی دیکەی کردە ئامانج.

لەبارەی هێرشەکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "مووشەکەکانی ئەمڕۆ گەڕی 17هەمینی هێرشەکانی ئێران بوو بۆ ئیسرائیل".

ئاماژەی بەوەشدا، زۆرینەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج شوێنی سەربازی بوون یاخود ئەو کۆمپانیایانەن کە پاڵپشتی سوپای ئیسرائیل دەکەن.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە، دوو رۆژە ئێران جۆرە مووشەکێک دەنێرێت کە دەیان بۆمبی بچووکی لێبووەتەوە.

بەپێی دوایین ئامار بێت، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل 45 کەس برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە.

هەروەها دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە تائێستا 24 کەس کوژراون و 1200 کەسیش برینداربوون.

هەر ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر تاران و شیراز و چەند ناوچەیەکی دیکەی تاران، بەڵام سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێران بەرپەرچی بەشێک لە هێرشەکانی دایەوە.

هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە هێرشە نوێیەکانمان بۆ سەر ئێران، شوێنی مووشەک هاوێژەکانمان بۆردوومان کردووە".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران بێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران 224 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش بریندرابوون.


PM:09:05:20/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو