نوێنەرانی ئەوروپا: ئێرانمان ئاگادارکردەوە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوودی کەس نییە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 20 حوزەیرانی 2025، نوێنەرانی هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ کۆبوونەوە.
لە دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە نوێنەرانی ئەوروپا رایانگەیاند، "هیوادارین ئەو گفتوگۆی لەگەل ئێران کردمان رێگە بۆ دانوستانی ئەتۆمی ئێران بکاتەوە".
ئاماژەیان بەوەشکرد، "ئێرانمان ئاگادارکردەوە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوودی کەس نییە".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "چارەسەری سەربازی بۆ کێشەی ئەتۆمی ئێران گونجاو نییە"، جەختیان لەوەشکردەوە، "دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان".
وەک نوێنەرانی ئەوروپا رایانگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان دەربڕی".
وتیشیان، "چاوەڕوان دەکەین ئێران گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە کراوەیی بهێڵێتەوە".
لە دوای کۆبوونەوەکە، یۆهان وادپۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، "لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و بەریتانییەکەم گفتوگۆی جیدیمان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەمان کرد".
هەروەها دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "ئێمە راشکاوین، نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت".
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش بە رۆژنامەنووسانی وت، "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە، لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە دەکرێت پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بکرێت".
لە دوای کۆبوونەوەکە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن".
وتیشی، "نیگەرانین لە بێ هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا"، جەختی لەوەشکردەوە، "توانا مووشەکی و ئەتۆمییەکانمان مایەی سازشکردن نییە".
PM:08:53:20/06/2025
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت