نوێنەرانی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەکەن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 20ی حوزەیرانی 2025، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی نائاسایی لەبارەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە ئەنجامدا.


لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری هەریەک لە وڵاتان وتەی پێشکەشکرد و نوێنەرانی وڵاتان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەن و زۆرینەیان جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە، "نابێت هاوڵاتییانی مەدەنی بکرێنە ئامانجی هێرشەکان".

سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "ئەگەر هێرش بکرێتە سەر بنکەکانی ئەتۆم کاریگەری خراپی لێدەکەوێتەوە".

نوێنەرانی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "ئێستاش درەنگ نییە ئێران پابەندی رێککەوتن بێت".

نوێنەری ئەمریکا وتی، "ئێمە چیتر رێگەنادەین ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات".

هەروەها نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی بەشداری ئەمریکا لەشەڕ رایگەیاند، "بەشداری ئەمریکا لە شەڕ سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە".

نوێنەری ئێران دەڵێت، "هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان پێشلیکردنی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل پلان بۆ دارڕێژراو بوون".

هاوکات نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "هیچ کات رێگەنادەین ئێران ببێتە خاوەنی توانای ئەتۆمی".

ئاماژەی بەوەدا، "هیچ کەس لە مەترسییەکانی ئێران پارێزراو نییە، چونکە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە بتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت".

نوێنەرانی ئیسرائیل و ئێران یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.


PM:07:27:20/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو