روسیا له‌سه‌ر هه‌وڵی كوشتنی خامنه‌یی هاته ده‌نگ و ده‌ڵێت: وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه
وێستگه‌نیوز-
دوابه‌دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیسرائیل كاتز وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل سه‌باره‌ت به كوشتنی عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری ئێران، روسیا هۆشداری دا و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌و بابه‌ته به هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵكراو نییه و وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی میدیاكانی روسیا بڵاویان كرده‌وه كه دیمیتری بێسكۆڤ وته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی روسیا "كرێملین" له‌وباره‌وه رایگه‌یاند كه "وه‌ڵامی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌وڵی كوشتنی خامنه‌یی زۆر نه‌رێنی ده‌بێت".
دووپاتیشیكرده‌وه كه "ته‌نها قسه‌كردن له‌سه‌ر گۆڕینی رژێم له ئێران نابێ لای هه‌موو لایه‌نێك قبووڵ بكرێت".
جگه له‌وه‌ش پێیوابوو كه "كوشتنی رێبه‌ری ئێران ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی تێكه‌ڵه‌یه‌كی توندڕه‌و"، داواشیكرد كه "ئه‌وانه‌ی باس له كوشتنی خامنه‌یی ده‌كه‌ن، ئه‌و بابه‌ته له‌به‌رچاو بگرن".
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی تاكتیكی ئه‌مریكا له ئێران‌دا، دووپاتیكرده‌وه كه "پێشهاتێكی كاره‌ساتبار ده‌بێت".
دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ش ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی روسیا، ره‌تیكرده‌وه هیچ لێدوانێك له‌سه‌ر پرسیارێك بدات كه رۆژنامه‌نووسێكی روسی سه‌باره‌ت به كوشتنی خامنه‌یی ئاراسته‌ی كردبوو، ته‌نیا وتی: "ته‌نانه‌ت نامه‌وێت باسی ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌م".
AM:10:02:20/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 2736
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت