وەزیری ناوخۆی سووریا: تەواوی کارگەکانی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لەناوبراون


وێستگەنیوز_

پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرتە ڤیدیۆی چەند کارگەیەک بڵاوکرایەوە و دەوترا "کارگەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر"ـن و بەرپرسیار بوون لە بەرهەمهێنانی 80٪ـی حەبی کەپتاگۆن لە جیهاندا؛ و بۆ وڵاتان هەناردە کراون، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لە ئێستادا "هیچ کارگەیەکی دروستکردنی کەپتاگۆن لەو وڵاتە نەماوە."

ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، "هیچ کارگەیەکی دروستکردنی حەبی هۆشبەری جۆری 'کەپتاگۆن' لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا نەماوە، هەمووان دەستیان بەسەرداگیراوە و لەناوبراون."

ئاماژەی بەوەشکردووە، پیشەسازیی دروستکردنی حەبی کەپتاگۆن بەتەواوی لە سووریا لەناوبراوە و هیچ کارگەیەکی دروستکردنی ئەو حەبە لە وڵاتدا نەماوە، کە سەرچاوەیەکی بەهێزی دارایی سەردەمی بەشار ئەسەد بوو.

بە وتەی ئەنەس خەتاب، زۆرینەی کارگەکانی کەپتاگۆن لە ناوچەکانی ڕیفی دیمەشق و سنووری لوبنان بوون.

پێشتریش دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو: "ئەسەد بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان بوو کە لە رێگەی کەپتاگۆن و دارایی نایاساییەوە پارەی ڕژێمەکەی دابین دەکرد."


AM:11:18:05/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو