ئەنجامدەری هێرشە موشەکیەکەی سەر ئیسرائیل بزووتنەوەیەکی نوێی چەکداری فەڵەستینییە
وێستگەنیوز_
بزووتنەوەی 'لیواکانی شەهید محەممەد زەیف'، بۆ یەکەمجار لە گۆڕەپانی چالاکییە سەربازییەکان دژی ئیسرائیل دەرکەوتن، بە تایبەت لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوی سووریا و بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی سەر ئەو وڵاتەیان لە ئەستۆگرت.
لیواکانی شەهید محەممەد زەیف، بزووتنەوەیەکی چەکداری فەڵەستینییە، ئەو ناوەیان لەخۆیان ناوە بە ناوی فەرماندەی سەربازیی فەڵەستینی، محەممەد زەیف کە فەرماندەی گشتیی لیواکانی عزەددین قەسام، باڵی سەربازی حەماس بوو؛ و لە مانگی یەکی ئەمساڵ لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
لە دوای هێرشەکەی سەر ئیسرائیل، لیواکانی محەممەد زەیف بەیاننامەیەکی دامەزرێنەریان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە؛ "لە دڵی فەڵەستینی داگیرکراوەوە، دامەزراندنی لیواکانی شەهید محەممەد زەیف، ڕادەگەیەنین وەک وەفایەک بۆ ئەو خوێنە پاکانەی ڕژاوە و وەک درێژکردنەوەی ڕێبازی بەردەوامی بەرخۆدان. ئێمە نەوەیەکین لەژێر بۆمباراندا لەدایک بووین و بە دەنگی تفەنگ گەورە بووین، ژیانێکی زەلیل و ملکەچبوون قبوڵ ناکەین، یا ژیانێک دۆستێک دڵخۆش دەکات یان مردنێکە کە دوژمنێک توڕە دەکات."
هەروەها لە پەیامەکەیدا بۆ ئیسرائیل، باسی لەوەکردووە: "ئێمە دەبینە شمشێرێک کە بە ملی ئێوەدا هەڵواسراوە، لە هەر شوێنێک بن، ئێمە لەوێ دەدۆزنەوە، بە هەموو شتێک کە هەمانە شەڕتان لەگەڵ دەکەین."
بەگوێرەی بەیاننامەکە، لیواکانی شەهید محەممەد زەیف نە حزبن و نە ڕێکخراو، بەڵکو "بزووتنەوەیەکی خۆڕاگری شۆڕشگێڕی ئازادن، لە هەموو کۆڵان و کوچەیەکدا هەن."
لە کۆتایی بەیاننامەکە دەڵێت: بۆ هەموو خاکە دەستبەسەرداگیراوەکانمان، دەنگمان یەکە، چیتر بێدەنگی نییە و گۆڕەپانەکەش هی ئێمەیە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە؛ هێشتا هیچ دووپاتکردنەوەیەک نییە کە هێرش کرابێتە سەر ئەو وڵاتە. ئاماژەشی دا، پارت و لایەنی زۆر هەیە لە سووریا کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دایانەوێت ناوچەکە ناسەقامگیر بکەن.
دووپاتیشی کردووەتەوە، سووریا بەهیچ شێوەییەک نابێتتە هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک لە ناوچەکە، هاوکات لە باشووری سووریا پێشینەمان ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتە و کۆتایی هێنانی چەکی نایاساییە.
ئاماژەی بەوەش دا، پەرسەندی ئیسرائیل لە ناوەچەکە هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەرەوەری سووریا، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەڵوەتی دەکەین بە بەرپرسیارەیەتی خۆیان هەستن و ئیسرائیل لە هێرشەکانیان ڕابگرن.
شەوی سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025 وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند "لە پارێزگای دەرعای باشووری سووریاوە بە دوو مووشەک هێرشکراوەتە سەر جۆلان، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیشی نەبووە و ئەمەش یەکەم هێرشە لە خاکی سووریاوە بکرێتە سەر ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە."
لای خۆشیەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل وتی: بۆ هۆشیارکردنەوەی دانیشتووانی شارۆچکەکانی حیسبین و ڕمات مغشمیم لە جۆلان، کاتژمێر 10ـی شەوی ڕابردوو زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدراوە، بەڵام مووشەکەکان بەر لە گەیشتنیان بە ئاوەدانی، لە ناوچەیەکی دەشتایی کەوتوونەتە خوارەوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەرپرسی یەکەم و ڕاستەوخۆیە لەهەر هەڕەشە و هێرشێک لە وڵاتەکەی بکرێتە سەر ئیسرائیل.
لە هەمان شەودا، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، چەند خولەکێک دوای ئەو دوو مووشەکەی لە سووریاوە ئاراستەی جۆلان کرابوون، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووتە سەر چەند پێگەیەک لە ناو خاکی سووریادا؛ هەروەها ئاژانسی فەرمی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی کردووتەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل لەلایەن تۆپخانەکانەوە کراوە و ناوچەی یەرموکیان لە سنووری پارێزگای دەرعا بۆمباران کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ وەردەکارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا بکات.
AM:08:55:04/06/2025
ئهم بابهته 1348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت