"دەبێت غەززە وەک هێرۆشیما بە ئەتۆم ناچاری خۆ بەدەستەوەدان بکرێت"
وێستگەنیوز_
راندی فاین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی کە سەر بە کۆمارییەکانە داوا دەکات بە چەکی ئەتۆمیی هێرش بکرێتە سەر غەززە، ئەوەش دوای ئەوەی کە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەمریکا کوژران.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی ئایاری 2025، راندی فاین لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە بۆردوومانکردنی غەززە بە چەکی ئەتۆمی کرد و رایگەیاند، "ئێمە دوو جار ژاپۆنییەکانمان بە چەکی ئەتۆمی بۆردوومان کرد بۆ ئەوەی بەبێ مەرج خۆیان بەدەستەوە بدەن. لێرەش (لە غەززە) پێویستە هەمان شت بکرێت."
فاین باسی لە فەلەستینییەکان کرد و وتی: "شتێکی زۆر زۆر هەڵە لەم کولتوورەدا هەیە و دەبێت شکستی پێبهێندرێت."
کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکە ئاماژەی بە خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین لە ئەمریکا کرد و دەڵێت، "هیچ شتێکی ئاشتییانە لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستیندا نییە و دەبێت ئەو ئەهریمەنانە بە هەر رێگەیەک بێت سەرکوت بکرێن."
هەروەها پێی وایە کە "تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە (جەنگی غەززە) خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی و یەکجاری ئەوانەیە کە پشتیوانی لە تیرۆری موسڵمانان دەکەن."
فاین جاری یەکەمی نییە لە دژی غەزەییەکان قسە دەکات. لە ئۆکتۆبەری 2023 و لە سەرەتای جەنگی غەززە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی، هیوادارە "شەقامەکانی غەززە پڕ ببن لە خوێنی ئەم ئاژەڵانە."
وتەکانی ئەو کۆنگرێسمانە دوای ئەوە هاتن، شەوی چوارشەممە، کاتژمێر 09:05ـی شەو بە کاتی واشنتن (4:05ـی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر) لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کوژران.
PM:01:28:23/05/2025
ئهم بابهته 784
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت