سەركردایەتیی نوێی سووریا ئەرشیفی ئیلی كۆهین دەداتەوە بە ئیسرائیل


وێستگەنیوز_

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە لە زاری سێ سەرچاوەوە ئاشکرای کردووە، وەكو هەوڵێك بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان و نیشاندانی نیازپاكیی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، سەركردایەتیی نوێی سووریا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر رادەستكردنەوەی بەڵگەنامە و ئەو كەلوپەلانەی كە پەیوەندییان بە 'ئیلی كۆهین'ـی سیخوڕی ئیسرائیلەوە هەیە.

لەو بارەیەوە سەرەتای ئەم هەفتەیە و لە رۆژی یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، ئیسرائیل ئاشكرایكردووە، كۆمەڵێك وێنەو كەلوپەلی تایبەتیی 'ئیلی كۆهین'ـی گەڕاندووەتەوە، بۆ گەڕاندنەوەی ئەم كەلوپەلانەش هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لەگەڵ هەواڵگریی وڵاتێكی بیانیی كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە؛ هەماهەنگ بوون.
 
بەگوێرەی قسەی راوێژكاری ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریا، سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنیی سووریا و كەسێك كە (رۆیتەرز) دەڵێت ئاگاداری گفتوگۆ نهێنییەكانی نێوان سووریا و ئیسرائیلە رایانگەیاندووە، ئەرشیفەكەی (ئیلی كۆهین) خراوەتە بەردەم ئیسرائیل لەڕێگەی دەستپێشخەرییەكی ناڕاستەوخۆی ئەحمەد شەرعەوە لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان و بنیادنانی متمانە لەگەڵ ترەمپدا. 

ئیلی كۆهین كە ساڵی 1965 لە یەكێك لە گۆڕەپانەكانی ناوەڕاستی دیمەشق لەسێدارە درا، هێشتاش لە ئیسرائیل وەكو پاڵەوانێكی نەتەوەیی و بەناوبانگترین سیخوڕ تەماشا دەكرێت، ئەم پیاوە دزەی كردبووە ناو دەستەبژێریی سیاسی سووریا و لەو رێگەیەوە ژمارەیەكی زۆر نهێنی سەربازیی سووریای ئاشكراكرد، ئەو نهێنیانە رۆڵیان هەبوو لە سەركەوتنی ئیسرائیلدا لە جەنگی 1967دا.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئیلی كۆهین وەك ئەفسانە ناو دەبات و دەڵێت: "مەزنترین سیخوڕ بووە لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیلدا"، ئیسرائیلییەكان لە خۆشەویستییانەوە بۆ ئەو سیخوڕە، زنجیرەیەكی تەلەفزیۆنییان لەسەر كەسایەتیی و كارە هەواڵگرییەكانی بەرهەمهێناوە. 

ساڵانێكی زۆرە ئیسرائیل هەوڵی گەڕاندنەوەی ئێسك و پروسكی ئیلی كۆهین دەدات، بۆیە دەزگای (مۆساد) ستایشی هەوڵی گێڕانەوەی هەندێك لە ئەرشیفەكەی كۆهین دەكات كە ماوەی 60 ساڵە هەواڵگریی سووریا لای خۆی پاراستویەتی و دەڵێت: "ئەمە دەستكەوتێكی ئەخلاقیی بەرزە"، ئیسرائیل هیچ ئاماژەیەكی بە وردەكانی گێڕانەوەی ئەرشیفەكەی كۆهین نەكردووەو تەنها ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەمە، "دەرەنجامی پرۆسەیەكی نهێنیی و پڕ ئاڵۆزی مۆسادە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی وڵاتێكی بیانی هاوپەیمان."

دۆسیەی كۆهین

دێسەمبەری رابردوو، دوای ئەو پێشڕەوییە كتوپڕەی كە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع كردیان و كۆتاییان بە حوكمی بنەماڵەی ئەسەد هێنا كە ماوەی 54 ساڵی خایاند؛ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دۆسیەی سیخوڕە ئیسرائیلییەكەیان لە بارەگایەكی ئەمنیی دەوڵەتدا دۆزییەوە، ئەمە بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی سوری، بەپێی قسەی هەمان سەرچاوە، یەكسەر ئەحمەد شەرع و راوێژكارەكانی بۆ كاروباری دەرەوە بڕیاریانداوە لەسەر ئەوەی ئەم دۆسیەیە وەكو ئامرازێك بۆ مامەڵەكردن بەكاربهێنن. 

سەرچاوەیەكی ئەمنیی باسی لەوەكردووە، شەرع زانیویەتی بەڵگەنامەكانی كۆهین زۆر بەلای ئیسرائیلییەكانەوە گرنگە، بۆیە گەڕاندنەوەی وەكو دەستپێشخەرییەكی دیپلۆماسیی دەبێت. 

سنوورداركردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا و باشكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی تری خۆرئاوا، دوو كاری هەرە لەپێشینەن بۆ ئەحمەد شەرع، ئەمەش لەكاتێكدا كە ئەو هەوڵ بۆ هەڵساندنەوەی وڵاتێك دەدات كە بەهۆی 14 ساڵ جەنگی ناوخۆییەوە شەكەت بووە.  

لەگەڵ ئەمەشدا، ئەحمەد شەرع و ئەو چەكدارانەی كە لەگەڵیدا شەڕیان كردووە و پێشتر لقی رێكخراوی قاعیدەیان لە سووریا دروستكردووە، هێشتا بەلای ئیسرائیلەوە خەڵكانێكی توندڕەون كە بیروباوەڕیان گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە.
 
ئیسرائیل ساڵی رابردوو لە ناوچە سنورییەكانەوە داخڵی ناو خاكی سوریا بوو، چەندین جاریش بۆ پاڵپشتی لە دروزەكان، گورزی لە چەندین ئامانجی سووریا وەشاندووە.

رۆیتەرز دەڵێت: بەم دواییە ئیماراتی عەرەبی كەناڵێكی پەیوەندیكردنی كردووەتەوە بەمەبەستی گفتوگۆی نێوان سووریا و ئیسرائیل، لەپاڵ ئەمەشدا باس لە چەند كەناڵێكی تری پەیوەندیكردنی ناڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوولا دەكرێت و سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت "سووریا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر گەڕاندنەوەی ئێسك و پروسكی كۆهین و سێ سەربازی تری ئیسرائیل كە لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لە شەڕی سوریادا لە لوبنان كوژراون. 

هەروەها ئیسرائیل هەفتەی رابردوو رایگەیاند، روفاتی یەكێك لەو سەربازانەی گەڕاندوەتەوە كە ناوی 'تسفی فیڵدمان'ـە. 


PM:02:38:21/05/2025












ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت