شاندی رووسیا و ئۆکرانیا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئیستانبوڵ راگەیاند
وێستگەنیوز-
دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ئۆکرانیا و رووسیا لەبارەی ئاگربەستەوە لە ئیستانبوڵ کۆتاییهات.
ئەمڕۆ هەینی 16ی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی رووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، دوای زیاتر لە کاتژمێرێک کۆبوونەوەکە کۆتایی هات کە بەنێوەندگیری هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوەچوو، هەروەها ڤلادیمێر مەدینسکی، راوێژکاری پوتین، سەرۆکایەتی شاندی ڕووسیا و رۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.
لە دوای کۆبوونەوەکە رۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاند، "راگەیاندنی ئاگربەست بۆ وەستاندنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە دانوستانەکاندا تاوتوێ کرا".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ شاندی رووسیا باسمان لە ئەگەری پەیوەندیی نێوان زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و پوتین، سەرۆکی رووسیا کرد".
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان شاندی هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیا بە میدیاکانی وتووە، "ئەگەری هەیە گەڕێکی دیکەی دانوستان لەنێوان هەردوو وڵات، بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاریی نەکراوە".
هەروەها شاندی رووسیا لە ئیستانبوڵ رایگەیاند، "لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ رازین و لە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوام دەبین".
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی، "دانوستانەکانی ئیستانبوڵ بە بەڵگەنامەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا بەدوور نازانن".
PM:09:25:16/05/2025
ئهم بابهته 952
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت