کۆشکی سپی: سەرۆک بە بەهای زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار رێککەوتنی وەبەرهێنانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر کرد
وێستگەنیوز_
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت، سەردانە چوار رۆژییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سێ وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سەرکەوتنێکی "مەزن بوو؛ و بە بەهای زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی بۆ ئەمریکا مسۆگەر کردووە."
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ بە ماڵئاوایی لە محەممەد بن زاید ئال نەهیان، لە ئەبوزەبییەوە کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێنا و دەگەڕێتەوە ئەمریکا.
کارۆلین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو رێککەوتنانەی واژۆ کراون، رێگە بۆ داهاتوویەکی "سەلامەت و خۆشگوزەران" بۆ ئەمریکییەکان خۆش دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە یەکەم گەشتی فەرمیی سەرۆک ترەمپ بۆ دەرەوەی وڵات سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو، پڕ بوو لە رێککەوتنی مەزن بۆ ئەمریکا، سەرۆک پابەندبوونی 600 ملیار دۆلاریی سعوودیەی بۆ وەبەرهێنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راگەیاند، ئەمەش نیشانەی قۆناخێکی مێژوویی نوێی هاوبەشییە لەنێوان هەردوو وڵاتدا."
هەروەها ئاشکراشی کرد، "سەرۆک ترەمپ رێککەوتنێکی لەگەڵ قەتەر دا واژۆ کرد بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری بە بەهای لانیکەم 1.2 تریلیۆن دۆلار. هەروەها ژمارەیەک رێککەوتنی ئابووری بە بەهای زیاتر لە 243.5 ملیار دۆلار لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و قەتەر راگەیاند کە فرۆشتنی فڕۆکەکانی بۆینگ و بزوێنەرەکانی "جی ئی ئایرۆسپەیس" بە هێڵی ئاسمانیی قەتەری لەخۆدەگرێت."
بە وتەی کارۆلین لێڤیت، "ترەمپ بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دۆلار رێککەوتنی بازرگانی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی راگەیاند."
لە کۆتاییشدا وتی: "بە گشتی، سەرۆک ترەمپ بە بەهای زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار رێککەوتنی وەبەرهێنانی لەگەڵ ئەو سێ وڵاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر کرد، ئەوەش رێگە خۆش دەکات بۆ داهاتوویەکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر."
PM:03:03:16/05/2025
ئهم بابهته 804
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت