حەماس: ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێن واز لە کۆنترۆڵی غەززە دەهێنین


وێستگەنیوز_

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس پشتراستیدەکاتەوە کە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە گفتوگۆی راستەوخۆدان چەند داواکارییەکیان پێشکەش کردووە.
 
ئەمرۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025، باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە، "بۆ ئەوەی کۆتایی بە بۆمبارانکردنی غەززە بهێنێت، بەرپرسانی حەماس لەگەڵ هەندێک کەسایەتی لە ئیدارەی ئەمریکا لە پەیوەندی راستەوخۆدان."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەمانەوێت ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی ئیسرائیل و گیراوەکانی فەلەستین بکرێت، هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بچنە دەرەوە، رێگە بە کاروانی هاوکارییەکان بدرێت بۆ هاوڵاتین و کەرتی غەززەش بەبێ ئەوەی دانیشتووانەکەی کۆچیان پێبکرێت، ئاوەدان بکرێتەوە."
 
ئاشکراشی کردووە، ئەوان بە ئەمریکییەکانیان وتووە، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت، ئامادەن دەستبەرداری غەززە ببن. 
 
باسم نەعیم دەڵێت "بە ئەمریکییەکانمان راگەیاندووە کە ئامادەین دەستبەرداری کۆنترۆڵی غەززە ببین، ئەگەر کۆتایی بە جەنگەکە بهێندرێت."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل لە 2ی ئادارەوە رێگری لە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە کردووە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 2.4 ملیۆن کەسە.


PM:01:56:16/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت