وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هیوادارین هەڵگرتنی سزاکان کۆتایی بە ئازارە درێژخایەنەکانی گەلی سووریا بهێنێت


وێستگەنیوز_

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێشوازیی گەرمی وڵاتەکەی بۆ بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر سووریا راگەیاند.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کۆماری عێراق پێشوازی لە راگەیاندنی نیازپاکیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر کۆماری عەرەبی سووریای برا."
 
هەروەها هیوای خواستووە "ئەم بڕیارە ببێتە هۆی پشتیوانیکردنی رەوتی سەقامگیری، کە گەلی سووریا خوازیاریەتی و کۆتاییهێنان بە ئازارە درێژخایەنەکانی بەهۆی قەیرانی مرۆیی و ئابوورییەوە."
 
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، "وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی شانشینی عەرەبیی سعوودیە دەکات، لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا و گەیشتن بەم دەستپێشخەرییە." جەختیش لەسەر گرنگیی هاوسۆزیی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لەم قۆناخە هەستیارەدا و پەرۆشیی خۆی بۆ پتەوکردنی هاوکاریی نێوان وڵاتان دەکاتەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیواخوازین ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بێت بۆ قۆناخێکی نوێی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا، لە رێگەی پشتیوانیکردنی چارەسەری ئاشتییانە کە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا دەپارێزن، مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا مسۆگەر دەکەن؛ و رووبەڕووی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە ببنەوە و رێگە بە پەرەسەندنی نەدرێت."


AM:10:28:14/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت