دەوڵەت باخچەلی: پەکەکە چەکی دانا و خۆی هەڵوەشاندەوە ئەمەش پێشهاتێکی مێژووییە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی گشتی مەهەپە رایدەگەیەنێت، پەکەکە چەکی دانا و خۆی هەڵوەشاندەوە ئەمەش پێشهاتێکی مێژوویە.


ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی مەهەپە، لە پەیامێکدا رایگەیاند، "پەکەکە دوای 47 ساڵ لە چالاکییەکانی، رایگەیاند کە چەکەکانی دانا و بوونی ڕێکخراوەیی خۆی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش پێشهاتێکی مێژووییە لە ڕووی کۆتاییهێنان بە تیرۆر و بنیاتنانی ئاییندەیەکی ئارام بۆ تورکیا".

ئاماژەی بەوەکرد، "کۆماری تورکیا لە قۆناغێکی مێژوویی دایە و بە یەکڕیزیی نەتەوەیی گەیشتووەتە خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ".

باخچەلی وتی، "لەمەودوا پرۆسەی داماڵینی چەک بە وردی چاودێری دەکرێت و بەدواداچوون و چاودێری تەکنیکی ئەنجام دەدرێت".

لە پەیامەکەدا، باخچەلی سوپاسی ئەردۆغان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەم پارتی کرد و وتیشی، "ئەو تۆوی ئاشتییەی کە لە تورکیا چێنرابوو، بە هیواوە ئاو دەدرا، بۆیە دواجار گوڵی گرت".

ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتەکەی بڵاوکردەوە و بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتەی رێکخراوەیى و کۆتاییهێنانى بە خەباتى چەکداریى راگەیاند.


PM:06:49:12/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت