دەوڵەت باخچەلی و ئەحمەد تورک پیرۆزباییان لەیەکتر کرد


وێستگەنیوز-

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی شاندی دەم پارتی رایدەگەیەنێت، سەرۆکی مەهەپە بەهۆی بەستنی کۆنگرەی پەکەکەوە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردووە.


ئەمڕۆ هەینی 9ی ئایاری 2025، ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی دەم پارتی لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا قسەی بۆ میدیایەکی تورکیا کرد و رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە قسەم کردووە".

ئاماژەی بەوەکرد، "دەوڵەتی باخچەلی هیوای خواست ئەم پرۆسەیە ببێتە مایەی خێر بۆ هەمووان و پیرۆزبایی لێکردم، منیش پیرۆزباییم لێکرد و پێم راگەیاند، رێزی بێ پایانم بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانی هەیە".

ئەوەشی خستەڕوو، "دەوڵەت باخچەلی ئەم دەرگایەی کردەوە و بانگەوازی بۆ پرۆسەی چارەسەری کرد کە مەترسییەکی گەورە بوو بۆی، بەڵام ئەو داهاتووی تورکیای لەبەرچاو گرت".

ئەحمەد تورک وتی، "بینیمان ئەو مەترسییەی بەڕێز باخچەلی لەبەرچاوی گرت، رێگەی بۆ ئاشتییەکی سەربەرزانە و شکۆمەندانە کردەوە و خۆیشی رۆڵی بەرچاوی لە بەجێگەیاندنی هەبوو".

وتیشی، "کاتێک لە ئێرلەندا ئاشتی بەرقەرار بوو، لە رۆژی هەینی ئاشتییەکە راگەیێندرا و ئێرلەندییەکان بە (هەینی خێر) ناویان نا، ئەمڕۆش هەینییە و پەکەکە هەواڵی کۆنگرەی خۆی لەم رۆژەدا بڵاوکردەوە".

ئەوەشی وت، "لە راستیدا ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆر دەکەوێتە ئەستۆمان، پێویستە پرسەکە بۆ پەرلەمان بگوازینەوە و بیکەینە بابەتی سەرەکی پەرلەمان، پێویستە پەرلەمان هەنگاوی پێویستی بۆ بنێت و کاری وردی بۆ بکات".

راشیگەیاند، "ئێمەش تەنیا بۆ کێشەی کورد کار ناکەین، بەڵکو بۆ داهاتووی تورکیایەکی دیموکراسیی گەشەسەندووش کاردەکەین، لەو باوەڕەدام هەمووان لە سایەی تورکیایەکی دیموکراسی ژیانێکی باش دەگوزەرێنین. هیوادارم ئەمە ببێتە مایەی خێر بۆ هەمووان".

ئەمڕۆ هەینی 9ی ئایاری 2025 پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بۆ پرۆسەی چارەسەریی کێشەی کورد و گەلانی تورکیا و rۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامدانی کۆنگرەی 12یەمی خۆی راگەیاند.


PM:10:24:09/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 1300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت