هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا: زیاتر لە 800 پێگەی حووسییەکانمان کردووەتە ئامانج


وێستگەنیوز_

هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن بەردەوامە.

هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕاف ڕایدەرەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا زیاتر لە 800 پێگەی حووسییەکانی بۆمباران کردووە؛ ئەم هێرشانە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان چەکداری حووسی و زۆرێک لە سەرکردەکانیان، لەنێویاندا فەرماندەی باڵای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان چەندان دامەزراوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەی پێشکەوتووی دروستکردنی چەکی و شوێنی هەڵگرتنی چەکی پێشکەوتوویان لەناو بردووە. ئەم دامەزراوانە چەکی ئاسایی پێشکەوتوویان لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا مووشەکی کروز بالیستی و دژە کەشتی، سیستەمی ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە هێرشی حووسییەکان لەسەر هێڵەکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنران."

ڕوونیشی کردەوە، لەکاتێکدا حوسییەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانمان، ئۆپەراسیۆنەکانمان فراوانتر دەکرد، بەو هۆیەوە هێرشەکانیان کەم کردەوە. هەڵدانی مووشەکی بالیستی بەڕێژەی 69% کەم بووەتەوە. هەروەها هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەڕێژەی 55% کەم بووەتەوە. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا توانای وەرگرتنی سووتەمەنی بەندەری ڕەئس عیسایان لەناو برد، ئەمەش کاریگەری نەرێیی لەسەر توانای حووسییەکان هەبوو، لەو ڕێگەوە ملیۆنان دۆلار داهاتیان بوو بۆ کار و چالاکییەکانیان دەست دەکەوت.

هێزەکانی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا ئامانج لەم هێرشانە بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی گیانی کەشتیوانانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەگەڕێنێتەوە. 



AM:08:59:28/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت