پاپای ڤاتیکان کۆچی دوایی کرد


وێستگەنیوز_

بەیانی ئەمرۆ دووشەممە 21ـی 4ـی 2025، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای تووشبوون بە نەخۆشی، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 
پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو. بە بنەچە ئیتاڵییە، بەڵام لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرس'ـی پایتەختی ئەرجەنتینە.
 
پاپا لە 17ـی 12ـی 1936 لەدایکبوو، یەکەم کەسە بە بنەچە خەڵکی ئەمریکای باشوور بێت و پۆستی پاپای وەرگرت. ھاوکات دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپایە لە دوای گریگۆری سێیەم ئەو نازناوەی وەرگرتبێت.
 
پاپا فرانسیس لە 13ـی ئاداری 2013ـەوە وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرابوو؛ پێشتریش بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکانی پێ سپێردرابوو.
 
پێش ئەوەش سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس بووە و لە ساڵی 2001 پاپا یۆحەنا پۆلسی دووەم نازناوی (کاردیناڵ)ـی پێ بەخشی، بەڵام ناوی فرانسیسی بۆ خۆی دانا وەک رێزلێنانێک بۆ فرانسیس ئاسیزی پیرۆز.
 
ناوبراو زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئۆکرانی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانی، بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرا. ھەر بۆیە دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان چەندین رێوشوێن و مەراسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی ڤاتیکانیش توانای گۆڕانکاریی لە رێسا و یاساکاندا ھەیە.
    
پاپا فرانسیس قۆناغی بنەڕەتی لە دەورووبەری شاری بۆینس ئایرس تەواوکردبوو، دواتر لە قۆناغی ئامادەیی گرنگی بە زانستی کیمیا داوە و تەنانەت لە زانکۆش قۆناغەکانی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری کیمیا تەواوکردووە و دوای تەواوکردنی خوێندنیش بە سەرکەوتوویی لە یەکێک لە تاقیگەکانی بواری کیمیاگەری لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرجەنتینی بۆ ماوەی سێ ساڵ کاری کردووە.
  
پاپا لە تەمەنی 21 ساڵییەوە چووەتە نێو ئەزموونی کەنیسە و لە 11ـی ئاداری 1958ـەوە زانستەکانی مرۆیی و لاھوتی لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی وڵاتی شیللی خوێندووە. پاشان لە ئەرجەنتین درێژەی بە خوێندنی پسپۆڕی فەلسەفی و ئایینی داوە لە پەیمانگەی ئیکلیرکی.
 
دواتر لە ساڵی 1967 خوێندنی ئایینی و لاھوتی تەواوکردووە و لە 13ـی 12ـی 1969، بۆ یەکەمجار و بە فەرمی وەک قەشەی کەنیسە دەستبەکاربووە.
   
ساڵێک دواتر چووەتە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە مەبەستی خوێندنی قۆناخی دکتۆرا لە بواری رەبەنی کریستیانی ئەمەش دەبێتە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پاپا فرانسیس.

کۆتا دەرکەوتنی پاپا دو‌ێنێ یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025 بوو. پاپا فرانسیسلە میانی پێشکەشکردنی وتارێک، لە باڵکۆنی کڵێسای سەنت پیتەر لە ڤاتیکان لەباری ئاشتییەوە وتی: بەبێ ئازادی هزری و ڕا دەربڕین و قبووڵکردنی جیاوازای لە هیچ دینێک ئاشتی بەرقەرار نابێت.
 
هەروەها سەرۆکۆنەی هەوڵەکانی دژی جوولەکە دەکات و بارودۆخی غەززەشی بە داخ و نیگەرانییەکی زۆرەوە پێناسە کرد و وتی: "هزر و بیرم لای هاوڵاتیانی غەززەیە، بە تایبەت کە هاوڵاتیان بەهۆی ئەو شەڕە کارەساتبارە بەردەوام دەکوژرێن و ناوچەکەی توشی قەیرانی مرۆیی بووە."

پێشتریش میدیای فەرمی ڤاتیکان لەبارەی دۆخی تەندروستیی پاپا بڵاوی کردبووەوە، پاپای ڤاتیکان لە 14ـی شوباتەوە هەردوو سییەکانی توشی هەوکردن بوو، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی زیاتر، لە نەخۆشخانەی گێمێلی ڕۆما دەمایەوە و چارەسەری وەردەگرت.

ئەمرۆش دووشەممە لە تەمەنی 88 ساڵیدا بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە، کۆچی دوایی کرد.


AM:11:00:21/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت