ئەمریکا دەیەوێت نزیکەی 30 باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دابخات و عێراقیش لە لیستەکەدایە


وێستگەنیوز_ CNN

كۆمەڵێ بەڵگەنامەی نهێنی دەریدەخەن، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵ دەدات داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە 30 وڵات و لە نێویاندا لە عێراق تاوتوێ بكات.

لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا نیازی كەمكردنەوەی نوێنەر و نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكای لە 30 وڵاتدا هەیە، كە سەرەكیترینیان عێراق و سۆماڵە.

بەپێی سەرچاوەكە، ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەریكی دەستكاریكردنی سیاسیەتی دەرەوەی وڵاتەكەن، كە لە هەنگاوی یەكەمدا داخستنی 10 باڵیۆزخانە و 17 كونسوڵگەرییە.

زۆرێک لەو جێگەیانەی پێشنیار کراون لە ئەوروپا و ئەفریقان، هەروەها ئاسیا و کاریبی'ـش دەگرێتەوە. لەوانە باڵیۆزخانەکان لە ماڵتا، لۆکسمبۆرگ، لێسۆتۆ، کۆماری کۆنگۆ، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و باشووری سودان. 

هەروەها لە لیستەکەدا پێنج کونسوڵخانە لە فەرەنسا، دوو کونسوڵخانە لە ئەڵمانیا، دوو کونسوڵخانە لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، یەک کونسوڵخانە لە بەریتانیا، یەک لە ئەفریقای باشوور و یەکێک لە کۆریای باشوور ناویان هاتووە.

دەستپێشخەرییە نوێیەکە، لە لایەن ئیلۆن مەسک، سەرۆکی فەرمانگەی کارایی حکومەت، جێبەجێ دەكرێت و بەڵگەنامەکانی ئەوەیان پشتراست کردووەتەوە کە، پێشنیاری کەمکردنەوەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە سۆماڵ و عێراق دەکات، ئەو دوو وڵاتەی کە کلیلی هەوڵەکانی ئەمریکا بوون بۆ رووبەڕوونەوەی تیرۆر.

هەتا ئێستا، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی راسپاردەکانی کۆشکی سپی سەبارەت بە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لەو وڵاتانە رانەگەیاندووە و نازانرێت ئایا واژۆی رەزامەندی لەسەر ئەو بڕیارە دەکات یاخود نا.


AM:09:15:21/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت