وەزیری ناوخۆی سووریا: ئەفسەرانی پێشووی دەسەڵاتی ئەسەد هەوڵی کودەتایان داوە


وێستگەنیوز_

وەزیری ناوخۆی سووریا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە پیلانی کودەتایەک پوچەڵبکەنەوە، کە لەلایەن کۆمەڵێک ئەفسەری دەسەڵاتی پێشووەوە داڕێژرابوو دژ بە حکومەتی ئێستای سووریا و سەرۆکەکەی.

شەوی چوارشەممە 16ـی 4ـی 2025، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، توانیویانە پیلانی کودەتایەکی سەربازی، لەلایەن ئەفسەرانی پێشووی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە پوچەڵبکەنەوە.

لە نوسراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا ئەوە شکستی هێناوە و بووە بە رابردوو".

ناوبراو ناو و زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو ئەفسەرانەی سوپای پێشوو نەخستەڕوو، کە هەوڵی کودەتاکەیان داوە، بەڵام گوتی، وەزارەتەکەی بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو هەوڵەیان پوچەڵکردووەتەوە.

ئاشکراشی کردووە، دەستیانکردووە بە نوێکردنەوەی زانیارییەکان و پێداچوونەوە، بەمەبەستی بەدواداچوونی ئەوانەی لە یاسا لایانداوە بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ وڵاتەکە.


AM:08:49:17/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت