ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی کۆبوونەوە


وێستگەنیوز_

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کرد.
 
کۆبوونەوەکە 1:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ پێنجشەممە لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت دەستیپێکرد. 
 
شاندی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی وان و سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (فراکسیۆنی دەم پارتی) پێکدێت. 
 
شاندەکە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی تورکیا و ئەڤکان ئاڵن، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی کۆبوونەوە.
 
سرری سورەییا ئۆندەر پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند:" لە دیدارەکەدا زانیاری لەبارەی دوایین قۆناخی پرۆسەکە بە بەڕێز سەرۆک کۆمار دەدەین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە لەو باوەڕەدان زەمینەی سیاسەتی دیموکراسییانە و ئاشتی لەمەودوا هەنگاوی زۆر خێراتر و گرنگتری بۆ دەنرێت. 

هەروەها وتیشی: "ئێمە بە ویست و پێداگرییەوە پرۆسەکەمان گەیاندە ئێرە. زۆر بە پارێزگارییەوە جوڵاینەوە، هەمووانیش بەمشێوەیە جوڵانەوە. هەر بۆیە سوپاسگوزاری تەواوی وڵاتین".
  
پەروین بوڵدانیش رایگەیاند، "ئەمە یەکەمین جارە بەڕێز سەرۆک کۆمار لەم بابەتەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەگەڵدا دەکات. بیروڕای خۆی لەبارەی ئەوە کە چی بکرێت باشە، دەخاتەڕوو. ئێمەش زانیاریی لەبارەی تەواوی ئەو دیدارانە پێدەدەین کە سازمان کردوون. هیوادارین ئەمە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی".


PM:03:44:10/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت