راگه‌یاندنی حكومه‌تی نوێی سوریا دواخرا
ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی سوریا له قۆناغی راگوزه‌ردا
وێستگه‌نیوز-
هه‌رچه‌نده بڕیار بوو نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ئیداره‌ی نوێی سوریا، پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌هۆكارێكی نادیار راگه‌یاندنی حكومه‌ته‌كه دواخراو بۆ ئه‌مشه‌و.
دوای چوار مانگ له رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی پێشووی سوریا له كانونی یه‌كه‌می ڕابردوودا، بڕیاره ئیداره‌ی نوێی سوریا "حكومه‌تێكی لێهاتوو" رابگه‌یه‌نێت.
به‌پێی ته‌له‌فزیۆنی سوریا، كاتژمێر 10ی ئه‌مشه‌و به‌كاتی دیمه‌شق حكومه‌تی نوێی سوریا له رێوڕه‌سمێكدا راده‌گه‌یه‌ندرێت.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت حكومه‌تی نوێی سوریا له (22) وه‌زاره‌ت پێكبهێنرێت، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه و ناوخۆ و به‌رگری كه سه‌ربه (ده‌سته‌ی ته‌حریری شام)ن و كه‌سانی نزیك له ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی قۆناغی راگوزه‌ری سوریان، له حكومه‌تی نوێ‌دا له پۆسته‌كانی خۆیان بمێننه‌وه.
به‌پێی رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، ده‌نگۆی به‌شداری چه‌ند وه‌زیرێكی كورد له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی راگوزه‌ری سوریا هه‌یه، به‌ڵام پێده‌چێت به‌شدارییان ته‌نها جۆرێك بێت له‌پیشاندانی به‌شداری پێكهاته‌كان له حكومه‌ته‌كه‌دا، چونكه ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكراتی به‌شداریكردنی له حكومه‌تی دیمه‌شق ره‌تكردووه‌ته‌وه و رایگه‌یاندووه، تا ده‌ستوری راگوزه‌ری سوریا نه‌گۆڕێت به‌شداری له حكومه‌ت ناكه‌ن، هاوكات ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردی سوریاش (ئه‌نه‌كه‌سه)، به فه‌رمی به‌شداریكردنی له رێوره‌سمی راگه‌یاندنی حكومه‌تی نوێی سوریا ره‌تكردووه‌ته‌وه و رایگه‌یاند كه هیچ پرس و راوێژێكان پێنه‌كراوه.
ئه‌مه‌ش دوای رۆژێك دێت له دیاریكردنی شێخ ئوسامه عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لریفاعی له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د شه‌رعه‌وه وه‌ك موفتی گه‌وره‌ی سوریا.
شه‌راع له وتارێكدا له میانه‌ی كۆنفرانسی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا و ڕاسپاردنی موفتی كۆماری عه‌ره‌بی سوریا، دوێنێ هه‌ینی، وتی: "ئه‌مڕۆ هه‌موومان هه‌وڵده‌ده‌ین سوریا به كادیر و زانا و ڕۆڵه‌كانی ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه".
PM:12:04:29/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 456
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت