موفتی گەورەی پێشووی سووریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق دەستگیرکرا
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: ئاسایشی گشتیی سووریا، موفتی گەورەی پێشووی سووریا شێخ 'ئەحمەد بەدرەددین حەسون'یان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق دەستگیر کردووە، دوای ئەوەی هەوڵی داوە وڵاتەکەی بەجێ بهێڵێت بچێتە ئوردن "بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بکات."
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی 'وەتەن'ـی سووریی، "هێزە ئەمنییەکان لە هۆڵی ڤی ئای پی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق ئەحمەد بەدرەددین حەسوون'ـیان دەستگیر کردووە،
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر حەسوون، دەسەڵاتدارانی سووریای ئاگادار کردبووەوە کە دەیەوێت بۆ نەشتەرگەری بچێتە ئوردن، دەسەڵاتدارانی سووریا ڕازی بوون و دوو ئۆتۆمبێلیان بۆ ناردووە تاوەکوو یاوەریی بکەن و لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی و بیبەنە فڕۆکەخانە، پاسپۆرتەکەیلەلایەن ئیدارەی فڕۆکەخانەوە مۆری لێ دراوە و چەند خولەکێک دواتر کاتێک چاوەڕێی کاتی چوونە ناو فڕۆکەکەی دەکرد، ئۆتۆمبێلێک گەیشتووەتە شوێنەکە و ژمارەیەک ئەفسەر چوونەتە ناو هۆڵەکەوە و موفتیەکەیان دەستگیر کردووە و بردویانەتە شوێنێکی نادیار، بەبێ ئەوەی زیان بە هاوسەر و منداڵەکانی بگەیەنرێت.
ناوبراو لە ساڵی 2005 تا ساڵی 2021 وەک موفتی گەورەی کۆماری عەرەبی سووریا کاری کردووە، دواتر بەشار ئەسەد، ئەو پۆستەی هەڵوەشاندەوە. حەسوون بە پاڵپشتێکی بەهێزی ڕژێمی بەشار ئەسەد ناسرابوو، ئەمەش وایکرد لە ماوەی ڕابردوودا ڕەخنەی توندی لێ بگیرێت، بەتایبەتی بەهۆی هەڵوێستی خۆیەوە سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە سووریا ڕوویان داوە.
PM:01:00:27/03/2025
ئهم بابهته 1992
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت