ماوەی پێنج رۆژە ئاگرەکەی کۆریای باشوور کۆنترۆڵ نەکراوە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی 3ـی 2025، دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور رایانگەیاند، بەهۆی زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا، زیانێکی زۆر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتووە و تێیدا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ماوەی پێنج ڕۆژە هەزاران ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی کۆریای باشوور بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکان 18 کەس گیانیان لەدەستداوە، 19 کەسیش برینداربوون کە برینی شەش کەسیان سەختە".

لای خۆیەوە، هان داک سوو، سەرۆکی وەزیرانی وڵات کە وەک سەرۆکی بە وەکالەت کارەکان دەکات، ڕایگەیاندووە: "ئاگرکەوتنەوەکان زیانێکی زۆریان گەیاندووە بە کۆریا و بڵێسەی ئاگرەکە ئەوەندە زۆرە پێشبینی ناکرێت."

هان دەڵێت: ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بۆ پێنجەمین ڕۆژ لەسەریەک لە ئولسان و ناوچەی گیۆنگسانگ بەردەوامە، زیانێکی زۆری گەیاندووە بە ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتیان و ئاژەڵانی ناوچەکە." 

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاگرەکە بە شێوەیەک فراوانتر دەبێت کە پێشبینیکردنی ئەستەمە، حکومەت بڕیاری داوە چارەی ئەم دۆخە کارەساتبارە بکات و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین."


AM:09:59:26/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت