وەزیری دەرەوەی ئێران: هەرگیز لە ژێر فشار دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناکەین


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە، ئەمرۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاشکرایکرد: وەڵامی نامەکەی ترەمپ بەم نزیکانە ئامادە دەکرێت و بەم زووانە بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامەکە دەگەیەنرێت، بەڵام هەرگیز لە ژێر فشار دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی 3ـی 2025 لە تاران، عەباس عێراقچی لە کۆنفرانسی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئارارات میزۆریان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا ، لە بارەی وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی: هێشتا وەڵامی نامەکەی ترەمپ نەدراوەتەوە، بەڵام نزیکە ئامادە دەکرێت و لەم نزیکانە و بە زوویی لە ڕێگەیەکی گونجاو و بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا دەدەینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە لە ژێر کاریگەرترین فشار و مەرجەکانی ئەمریکا داین، ڕەنگە ڕووبەڕووی هەڕەشەی هێزی سەربازی و سەپاندنی سزا زیاتری ئابوورییەکان ببینەوە، بەڵام ئامادە نین لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی ڕاستەخۆ بکەین، تەنیا ئامادەین لە بارەی بەرنامەی ئاشیانەی ئەتۆمی و ڕەخساندنی هەلێکی ڕوون و ئاشکرا دانوستان بکەین.

وتیشی: لەم چوارچێوەیەشدا ئێستا لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی و وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار بە دانوستانەکان، گفتوگۆمان بەردەوامە، چونکە ئێران هیچکات مێزی دانوستانەکانی جێنەهێشتووە و جێشناهێڵێت.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی بڕوای وایە ئاڵۆزیی و کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی دیپلۆماتی و گفتوگۆوە چارە بکرێن، هاوکات ئاماژەیدا، ئێران دژی هەر جۆرە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازین لە ناوچەکەدا.


PM:09:23:25/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت