زیادبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی توركیا له سوریا، ناتانیاهۆی نیگه‌ران كردووه
وێستگه‌نیوز-
سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی ئیسرائیل رایانگه‌یاند كه بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل وتووێژی ئه‌منی ئه‌نجام ده‌دات بۆ تاووتوێكردنی نیگه‌رانییه‌كانی سه‌باره‌ت به زیادبوونی ده‌سه‌ڵاتی توركیا له سوریا و هه‌وڵده‌دات رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره وه‌ك كارێكی حه‌تمی نیشان بدات.
به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی (والا)ی ئیسرائیلی، سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كان رایانگه‌یاندووه كه سوریا و توركیا له په‌یوه‌ندیدان بۆ راده‌ستكردنی ناوچه‌كانی نزیك ته‌دمور (له ناوه‌ڕاستی سوریا كه به ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌واریی داده‌نرێت) به سوپای توركیا، له‌به‌رامبه‌ر پاڵپشتی ئابووری و سه‌ربازی ئه‌نقه‌ره بۆ دیمه‌شق.
ماڵپه‌ڕه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه جموجۆڵه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی توركیا له ته‌دمور، له ناوه‌ڕاستی سوریا، نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره بۆ ئیسرائیل دروست ده‌كات.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه رژێمی نوێی سوریا هه‌وڵده‌دات بنكه سه‌ربازییه‌كان و توانای مووشه‌كی و به‌رگری له باشووری وڵاته‌كه له نزیك سنوروی ئیسرائیل، بنیات بنێته‌وه.
هاوگات كه‌ناڵی 12ی عیبری بڵاویكرده‌وه كه نه‌تانیاهۆ له‌ڕێی راوێژكاره‌كانیه‌وه داوا له میدیاكانی ئیسرائیل ده‌كات جه‌خت له‌وه بكه‌نه‌وه كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر خاكی سوریا كارێكی حه‌تمییه.
راپۆرتێكی ئه‌م دواییه‌ی لیژنه‌یه‌كی حكومی ئیسرائیل، ناتانیاهۆی راسپاردووه كه خۆی بۆ ئه‌گه‌ری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توركیا ئاماده بكات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ڕۆشنایی مه‌ترسی زیاتری ته‌لئه‌بیب له هاوپه‌یمانی ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ حكومه‌تی دیمه‌شق دوای رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د.
رۆژنامه‌ی (ئۆرشه‌لیم پۆست) بڵاویكرده‌وه كه لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه به بودجه‌ی ئه‌منی و بنیاتنانی هێز كه به لیژنه‌ی "ناگڵ" ناسراوه، له‌سه‌ر ناوی یاكۆڤ ناگڵ سه‌رۆكی لیژنه‌كه، له راپۆرته‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، له مانگی یه‌كی رابردوو هۆشداریی داوه‌ته ناتانیاهۆ سه‌باره‌ت به مه‌ترسی هاوپه‌یمانی سوریا و توركیا، كه ره‌نگه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی نوێ بۆ سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل دروست بكات و ره‌نگه گه‌شه بكات بۆ شتێكی مه‌ترسیدارتر له هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران.
لیژنه‌كه گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه به له‌به‌رچاوگرتنی گرژییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، پێویسته ئیسرائیل خۆی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ توركیا ئاماده بكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه به "خه‌ونه‌كانی توركیا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی" وه‌سفی كردووه.
ته‌له‌فزیۆنی سوریا بڵاویكرده‌وه، به‌هۆی بۆردومانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی ته‌دمور له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له ئێواره‌ی هه‌ینی رابردوودا، دوو سه‌ربازی فیرقه‌ی 42ی وه‌زاره‌تی به‌رگری سوریا برینداربوون. دواتر بڵاویكرده‌وه، كه هێلیكۆپته‌ره ئه‌مریكییه‌كان به نزمی به ئاسمانی شاری دێره‌زۆردا فڕیون، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ورده‌كارییه‌كانی تر بكات.
له مانگی شوباتدا ناتانیاهۆ داوای كرد كه باشووری سوریا به ته‌واوی له چه‌ك دابماڵرێت و هۆشداریشی دا كه حكومه‌ته‌كه‌ی بوونی هێزه ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به ئیداره‌ی نوێی سوریا له نزیك سنووره‌كانی قبوڵ ناكات.
به هه‌مان شێوه سوپای ئیسرائیل چووه ناو ناوچه‌ی پارێزراوی له چه‌ك داماڵراو له جۆلان كه ده‌كه‌وێته لێواره‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی به‌رزراییه‌كانی جۆلانی سوریا كه له‌ژێر ده‌ستی دایه.
AM:12:01:25/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 752
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت