ئەردۆغان: نمایشەکانی ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندانەکانیان کۆتایی دێت و شەرمەزار دەبن


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری تورکیا داوا لە ئۆپۆزسیۆن دەکات دەست لە هاندانی خەڵک هەڵبگرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارە لەو زیانانەی بەر موڵکی دەوڵەت و ئەندامانی پۆلیس کەوتووە.


ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "باشترە ئۆپۆزسیۆن دەست لە هاندانی خەڵک هەڵگرێت، ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە تەنها شەرمەزارییە".

ئەردۆغان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی تورکیا وتی، "خۆپیشاندانەکانی دژی لەکارلادانی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ گۆڕاوە بۆ توندوتیژی، زیان بەر موڵکی دەوڵەت و پۆلیس کەوتووە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارە لەو زیانانەی بەر موڵکی دەوڵەت و ئەندامانی پۆلیس کەوتووە، لەسەر ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".

ئەوەشی وت، "نمایشەکانی ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندانەکانیان کۆتایی دێت، شەرمەزار دەبن لەوەی شەڕیان بۆ تورکیا هێنا".

سەرۆکی تورکیا وتیشی، "کارە لە پێشینەکانمان پاراستنی ئابووری تورکیایە و رێگە نادەین زیان بەر ئەو کەرتە بکەوێت".


PM:07:32:24/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت