ئەندامێکی دیکەی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە غەززە کوژرا
وێستگەنیوز_
ئەمرۆ دووشەممە، 24ـی 3ـی 2025، بزووتنەوەی مقاوەمەی فەڵەستینی (حەماس) لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل بەرهووم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی، لە ئەنجامی بۆمبارانێکی ئیسرائیلدا، لە ڕۆژئاوای کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
حەماس لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت: "کاتێک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خانیونسی کەرتی غەززە، تیمار کراوە، ئیسرائیل بۆمبارانی بەشی بریندارانی نەخۆشخانەکەی کردووە و لە ئەنجامدا ئیسماعیل بەرهووم کوژراوە."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بۆمبارانکردنی نەخۆشخانەی ناسر پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و لە تاوانە جەنگییەکانی زایۆنیستی ئیسرائیلە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، بەشی بریندارانی نەخۆشخانەی ناسر؛ نزیکەی 30 قەرەوێڵەی تێدا بووە، بەڵام بەهۆی بۆمبارانەکەی ئیسرائیل، هەموو بەشەکە پەکی کەوتووە و ناتوانێت خزمەتی برینداران بکات.
کوژرانی ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە، 23ـی ئادار، سەڵاح بەرداویل، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و هاوسەرەکەی، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر خێوەتێک لە کەمپێکی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە ڕۆژاوای خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە کوژران.
AM:10:12:24/03/2025
ئهم بابهته 448
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت