ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە


وێستگەنیوز_

لەدوای دەستگیرکردن و سزادانی بە تۆمەتی گەندەڵی، ئەمرۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ و 99 کەسی دیکە کە لە 19ـی ئەم مانگەوە دەستبەسەرکراون، ئەمڕۆش رەوانەی دادگەی چاغڵایان کران و داوای زیندانیکردنیان کرا.
 
دادگا لەو بارەیەوە بڕیاری داوە کە، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ و 20 کەسی دیکە بخرێنە زیندانەوە و 9 کەسیش بە مەرجی دادی ئازادکراون. هاوکات، "لێپرسینەوەی دادوەری لە گومانلێکراوەکانی دیکە بەردەوامە."
 
لەلایەکی دیکەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە- کەجەکە لێکۆڵینەوە لە 7  کەس بەردەوامە، لەوانە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، رەسوڵ ئەمرا شاهان سەرۆکی شارەوانیی شیشلی و ماهیر پۆلات، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵی لە نێودایە.  

لە پاش دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلو، خۆپیشاندانی ملیۆنی لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە دەستیپێکرد و دەڵێن، "دیموکراسیەت و ئازادییەکانیان زەوت کراوە." هەروەها ئیمامئۆغلو ئەمرۆ رایگەیاند، "ئێوە لە بەرامبەر مافەکانمان، بوێرییمان، بێفیزی و ڕووخۆشی ئێمەدا لەناودەچن".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وتی، "بۆ گەلە ئازیزەکەمان، دڵتەنگ مەبن، خەمبار مەبن، هیواتان لەدەست مەدەن، بەیەکەوە ئەم هێرشەی دژی دیموکراسیمان دەشکێنین، ئەم گڵاوییە پاک دەکەینەوە، ئەو ڕۆژانە نزیکن کە ئەو کەسانی ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن لەم دونیا ئەو دونیاش لە بەردەم خودای مەزندا حیسابی خۆیان بدەن".

ئیمامئۆغڵو جەختی کردەوە لەوەی، "من بانگهێشتی 86 ملیۆن هاوڵاتیمان بۆ سەر سندوقەکان دەکەم بۆ ئەوەی تێکۆشانی دیموکراسی و دادپەروەری بۆ هەموو جیهان رابگەیەنن".


PM:05:42:23/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت