بۆ یەکەمجار چاپی رۆژنامەیەک کەوتە بازاڕەوە کە بە تەواوی بە زیرەکی دەستکرد نووسراوە
رۆژنامەی ئیڵ فۆڵیۆی ئیتاڵی چاپێکی رۆژنامەی خستە بازاڕەوە، کە بە تەواوی لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە نووسراوە و هیچ کام لە بەشەکانی مرۆڤ نەینووسیوە.
بەگوێرەی لێدوانی ئیڵ فۆڵیۆی ئیتاڵی، ئێستا وەک قۆناغی تاقیکردنەوە بۆماوەی یەک مانگ رۆژانە رۆژنامەکە دەردەکەن، کە بێبەرامبەر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەکەن.
رۆژنامەکە لە چوار لاپەڕە پێک دێت و "بە خۆڕایی شانبەشانی رۆژنامە بنەڕەتییەکە کە 10 لاپەڕەیە و نرخەکەی 1.8 یۆرۆیە، دەیدەنە هاوڵاتیان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژنامەکەیان بە ناوی 'ئێل فۆڵیۆ ئەی ئای'ـە و بە تەواوی زیرەکی دەستکرد دەینووسێت و دابەشکاری بۆ دەکات و هیچ دەستوەردانێکی مرۆڤی تێدا نییە.
هەروەها تیمی رۆژنامەکە باس لەوەشدەکەن، رۆژنامەنووسان تەنها پرسیار لە زیرەکی دەستکرد دەکەن و دواتر وەڵامەکان دەخوێننەوە و سودی لێدەبینن، بەڵام ئەوان لە بڵاوکردنەوەی ئەو رۆژنامەیەدا ئامانجیان ئەوەیە ئەو رۆڵەی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بگۆڕن و بەشێوەی کرداریی لە دنیای رۆژنامەنووسیدا بەکاربهێرنێت.
رۆژنامەی ئێل فۆلیۆی ئیتاڵی لە ساڵی 1996 دامەزرێنراوە و یەکێکە لەو رۆژنامە دەگمەنانەی کە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی رۆژانە رۆژنامەکەی لە تەواوی ئیتاڵیادا بڵاو دەکاتەوە.
رۆژنامەی ئێل فۆڵیۆ ئەی ئای'یش یەکەم رۆژنامەیە کە تەنها و تەنها زیرەکی دەستکرد کاری لەسەر دەکات.
ئەم تاقیکردنەوە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە هەواڵییەکان لە سەرانسەری جیهان خەریکی ململانێن لەگەڵ چۆنیەتی جێگیرکردنی زیرەکی دەستکرد (ئەی ئای-AI). سەرەتای ئەم مانگە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە کە بی بی سی نیوز بڕیارە AI بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ناوەڕۆکێکی ورد تر لە کاتی گەڕان بە دوای بابەتەکاندا بەگوێرەی خواستی خوێنەر بە هاوڵاتیان بدات.
لاپەڕەی یەکەمی چاپی یەکەمی ڕۆژنامەی Il Foglio AI چیرۆکێکی هەڵگرتووە کە ئاماژەیە بۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، باس لە "دژ بەرەیەکی (پارادۆکسی) ترەمپییەکانی ئیتاڵیا" دەکات و چۆن دژی "کلتوری هەڵوەشاندنەوە" قسە دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا چاویان لێدەکەن، یان لەوەش خراپتر، "ئاهەنگ دەگێڕن" کاتێک "پێشەنگەکەیان لە ئەمریکا وەک کەسێکی خاوەن دەسەڵاتێکی بێ سنووری ئابووری لە وڵاتێکی ناسەقامگیری سیاسیدا رەفتار دەکات".
هەروەها لە لاپەڕەی یەکەمدا ستوونێک بە سەردێڕی "پوتین و 10 خیانەتەکە" بڵاوکراوەتەوە، وتارەکە تیشک دەخاتە سەر "20 ساڵ بەڵێنی شکاو و ڕێککەوتنە دڕاوەکان و قسەی خیانەت لەلایەن ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا."
لە چیرۆکێکی دەگمەنی گەشبینانەدا سەبارەت بە ئابووری ئیتاڵیا، بابەتێکی دیکە ئاماژە بە دوایین ڕاپۆرتی ئیستات، دەزگای ئاماری نیشتمانی، دەکات سەبارەت بە دووبارە دابەشکردنەوەی داهات، کە نیشانی دەدات وڵاتەکە گۆڕانکاریی ئەرێنی کردووە و مووچەی نزیکەی 750 هەزار کرێکاری زیادکردووە و چاکسازی لە داهاتدا کردووە.
بابەتەکان رێکخراو بوون، ڕاست و ڕوون و ئاشکرا بوون و هیچ هەڵەیەکی ڕێزمانی ئاشکرایان تێدا نەبوو.
بەڵام هیچ کام لەو بابەتانەی لە لاپەڕەکانی هەواڵدا بڵاودەکرێنەوە، ڕاستەوخۆ قسەی هیچ مرۆڤێکیان نەهێناوەتەوە و ناوی کەسیان نەهێناوە.
PM:04:44:23/03/2025
ئهم بابهته 576
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت