ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دوای بڕیاری زیندانیکردنی: بە هەموو شێوەیەک ئێوە لەناودەچن
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئاداری 2025، دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بە تۆمەتی گەندەڵی بڕیاری زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئوغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ دەرکرد، ئیمامئۆغڵۆ لە پەیامێکدا دەڵێت، "بە هەموو شێوەیەک ئێوە لەناودەچن".
ئەکرەم ئیمامئوغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ لە دوای بڕیاری زیندانیکردنی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هیچ ترسێک بۆ مردن نییە، بە هەموو شێوەیەک ئێوە لەناودەچن".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئێوە لە بەرامبەر مافەکانمان، بوێرییمان، بێفیزی و ڕووخۆشی ئێمەدا لەناودەچن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە، "بۆ گەلە ئازیزەکەمان، دڵتەنگ مەبن، خەمبار مەبن، هیواتان لەدەست مەدەن، بەیەکەوە ئەم هێرشەی دژی دیموکراسیمان دەشکێنین، ئەم گڵاوییە پاک دەکەینەوە".
دەشڵێت، "ئەو ڕۆژانە نزیکن کە ئەو کەسانی ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن لەم دونیا ئەو دونیاش لە بەردەم خودای مەزندا حیسابی خۆیان بدەن".
ئیمامئۆغڵو وتی، "من بانگهێشتی 86 ملیۆن هاوڵاتیمان بۆ سەر سندوقەکان دەکەم بۆ ئەوەی تێکۆشانی دیموکراسی و دادپەروەری بۆ هەموو جیهان رابگەیەنن".
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نووسیویەتی، "من لەسەر پێم، هەرگیز سەر ناچەمێنم، هەموو شتێک زۆر جوانتر دەبێت".
PM:01:44:23/03/2025
ئهم بابهته 692
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت