سوپای سودان كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی له خه‌رتوم كۆنتڕۆڵ ده‌كاته‌وه
وێستگه نیوز-
ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌رچاوه سه‌ربازییه‌كانی سودان به ئاژانسی رۆیته‌رزیان راگه‌یاند كه، چه‌ند هێزێكی سوپای سودان له به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵاته‌وه چوونه‌ته ناو كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی له خه‌رتوم، هاوكات ته‌له‌فزیۆنی سودان بڵاویكرده‌وه كه سوپا كۆشكه‌كه‌ی به ته‌واوی كۆنترۆڵكردووه.
لای خۆیه‌وه وه‌زیری راگه‌یاندنی سودان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه سوپا كۆشكه‌كه‌ی له ده‌ست هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا وه‌رگرته‌وه و كۆنترۆڵی كرده‌وه.
وتیشی: "ئه‌مڕۆ ئاڵای سودان به‌سه‌ر كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیدا هه‌ڵكرا، كاروان به‌رده‌وامه تا سه‌ركه‌وتنی ته‌واوه‌تی".
له شه‌وی چوارشه‌ممه‌وه له ده‌وروبه‌ری كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی له ناوه‌ڕاستی خه‌رتومی پایته‌ختی سودان، شه‌ڕی توند له نێوان سوپا و هێزه‌كانی پشتیوانی خێرادا ده‌ستی پێكرد و سوپا پێشڕه‌وییه‌كی به‌رچاوی كرد و زیانی زۆری به هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا گه‌یاند كه له ناو كۆشكه‌كه و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و بیناكانی ده‌وروبه‌ریدا جێگیربووبوون.
له مانگی ڕابردووه‌وه سوپای سودان زۆربه‌ی ناوچه‌كانی له خه‌رتومی پایته‌خت كۆنترۆڵكرده‌وه، ته‌نها چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو له ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی پشتیوانی خێرادا مانه‌وه، له‌وانه كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی، هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان، بانكی ناوه‌ندی سودان و دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌ت. هێزه‌كانی سوپا به پاڵپشتی میلیشیاكان و گرووپه ئیسلامییه‌كان هه‌وڵی دووباره كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی كۆشكه‌كه‌ی دا كه هێمای سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاته له‌و وڵاته‌دا.
شه‌ممه‌ی رابردوو محه‌مه‌د حه‌مدان دقڵو (حمیدتی) فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا، رایگه‌یاند كه شه‌ڕی سوپای سودان ئێستا له ناوخۆی خه‌رتومی پایته‌ختدایه، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه هێزه‌كانی ئه‌و شاره و كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی به‌جێناهێڵن.
دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ له ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ناوخۆیی له سودان، هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا زۆربه‌ی ناوچه‌كانی رۆژئاوای سودان و به‌شێك له پایته‌ختیان كۆنترۆڵ كرد، به‌ڵام وا ورده‌ورده ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌ڕوات.
AM:09:52:21/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 968
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت