رێورەسمەکانی چوارشەممەسووری ئێران زیاتر لە چوار هەزار قوربانی لێدەکەوێتەوە


وێستگەنیوز_

لە ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری ئێراندا، بەهۆی سەرکێشی کردن بەیارییە ئاگرینەکان و بازدان بەسەر ئاگردا، لە ئێران 16 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی چوار هەزار کەسیش بریندار بوون.

بە ناونیشانی "بەردەوامبوونی چیرۆکی تاڵی چوارشەممەسووری"، میدیای فەرمی ئێران راپۆرتێکی لە زاری جەعفەر میعادیفەر، سەرۆکی کۆمەڵەی فریاگوزاری ئێران بڵاوکردووەتەوە و بە گوێرەی ئامارەکان، تاوەکو کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو، 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 999 کەسی دیکەش بە شێوەی جیاواز بریندار بوون و بەشێکیان بەهۆی سووتاوی و برینەکانیانەوە، تەندروستیان ناجێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی گشتیی بریندارەکان، تەنیا 115 بریندار لە شوێنی ڕووداوەکان تیمارکراون و سێ هەزار و 884 بریندار بۆ چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان.

هاوکات، تەنیا شەوی ڕابردوو 10 کەس بەهۆی تەقەمەنی و یارییە ئاگرییەکان مردوون، 186 کەس بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە ئەندامێکی جەستەیان لێکراوەتەوە و هەزار و 211 کەسی دیکەش جەستەیان بە ڕێژەی جیاواز سووتاوە.

هەروەها "هەزار و 142 کەس لە بریندارەکانی چوارشەممەسووری، چاوەکانیان زیانی پێگەیشتووە و بەشێکیان بیناییان لە دەستداوە."


AM:09:43:19/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت