سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ بەرەبەیانی ئەمرۆ دەستگیرکرا
وێستگەنیوز_
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی 3ـی 2025، ئاسایش چووە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و دەستگیری کرد.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا موراد ئۆنگون، راوێژکاری میدیایی ئیمامئۆغڵو بە مەبەستی وەرگرتنی وتە، دەستگیرکراوە.
لە ئێستاشدا گەڕان و پشکنین و هەڵکوتانە سەر زیاتر لە 100 ناونیشان بەردەوامە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەس دەرکراوە. دەستگیرکراوان دەگوازرێنەوە بارەگای ئاسایش و وتەیان لێ وەردەگیرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای تورکیادا بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر ژمارەیەک تەندەری پەیوەندیدار بە میدیایە و داواکاری گشتی لە راپۆرتەکەیدا باسی گەندەڵی و هاوبەشیی نێوان جەهەپە و پەکەکەی کردووە.
هاوکات سازانی شارەکان یەکێک لەو بابەتانەیە کە داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ بڕیاری لێکۆڵینەوە، پشکنین و دەستگیرکردنی لەسەر داوە.
ئەمە لەکاتێکدایە سازانی شارەکان تاکتیکی تایبەت بە هەڵبژاردن بوو و یەکێک لەو رێککەوتنانە بوو کە جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی لەسەری رێککەوتبوون و لە هەندێک شوێندا هەماهەنگییان لە نێوان دەنگدەرانیان دروستکردبوو.
لە بەرامبەردا، میدیای نزیک لە دەسەڵاتیش ئاماژە بە بوونی گەندەڵی دەکەن و رەتی دەکەنەوە پەیوەندیی بە سازانی شارەکانەوە هەبێت.
AM:09:19:19/03/2025
ئهم بابهته 992
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت