وەرنەگرتنی ئۆكرانیا لە ناتۆ یەکێکە لە مەرجەکانی رووسیا بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی
وێستگەنیوز_
ئاژانسی رۆیتەرز رایدەگەیەنێت، رووسیا بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكرانیا و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن، لیستی داواكارییەكانی پێشكەش بە ئەمریكا كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئیدارەی ترەمپ دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی باڵاوە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، رووسیا تاوتوێی پلانی واشنتن دەكات بۆ ئاگربەست لە ئۆكرانیا و پەلە ناكات لە وەڵامدانەوەی ئەمریكا.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، وەرنەگرتنی ئۆكرانیا لە ناتۆ، جێگیرنەكردنی هێزی بیانی لەو وڵاتە و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەسەڵاتی رووسیا لە كریمیا و چوار پارێزگای دیكەی ئۆكرانیا دەبنە مەرجی سەرەكی مۆسكۆ بۆ گفتوگۆ و راگەیاندنی ئاگربەست.
دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی كرملن ڕایگەیاند، مۆسكۆ چاوەڕوانی زانیاری ورد لە ئەمریكا دەكات لەبارەی پێشنیازەكەی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و پێویستە پێش ئەوەی هەڵوێست رابگەیەنن، ئەو زانیارییانەیان بەدەست بگات.
دوای كۆبوونەوەی وەفدی ئۆكرانیا و ئەمریكا لە سعوودیە، ڤلۆدیمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا پلانی ئەمریكای بۆ ئاگربەست پەسەند كرد و دۆناڵد ترەمپیش هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێی بەسەر مۆسكۆدا كرد ئەگەر بێت و پلانەكە قبوڵ نەكەن.
AM:10:00:13/03/2025
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت